سوپای ئیسرائیل: فەرماندەیەکی حیزبوڵڵامان لە باشووری لوبنان کوشت

20-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سوپای ئیسرائیل دەڵێت، فەرماندەیەکی بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی کەوسەرییەت سەییاد لە باشووری لوبنان کوشتووە.

رۆژی یەکشەممە، 20-04-2025، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حوسێن عەلی نەسر، جێگری فەرماندەی یەکەی 4400ـی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج کە "بەرپرس بووە لە بردنی چەک بۆ لوبنان".
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، حوسێن عەلی نەسر لەگەڵ ئێران کاری بۆ گەیاندنی چەک و پارە بۆ لوبنان بەشێوەی قاچاخ کردووە بۆ ئەوەی حیزبوڵڵا لە بواری سەربازییەوە بەهێز بێتەوە.
 
سوپای ئیسرائیل ئاماژە بەوەش دەکات: "حوسێن عەلی نەسر لەگەڵ بەشێک لە کارمەندانی فڕۆکەخانەی بەیرووت بە نهێنی کاری کردووە بۆ ئەوەی کارەکەی راپەڕێنێت."
 
سوپای ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی 2024ـدا رایگەیاند، محەممەد جەعفەر قەسیر، بەرپرسی یەکەی 4400ـی حیزبوڵڵای لە بەیرووت کوشتووە. دوای چەند هەفتەیەکیش گوتی، عەلی حەسەن غەریب، جێگری قەسیری لە دیمەشق کوشتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە