کوردستان
دیمەنێک لە پانێڵی 'عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان: کارە لەپێشینە لێکنزیکەکان و بەهێزکردنی هاوبەشی'ـی دیداری مێری، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆز و نوێنەرانی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق بە بۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 29-10-2024) لە پانێڵێکی یەکەم رۆژی دیداری مێری لە هەولێر، تۆماس سەیلەر، سەرۆکی نێردەی دیپلۆماسیی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق گوتی "دەمەوێت پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان بکەم بە بۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن."
نوێنەری یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی "ئەمە خاڵێک بوو کە من لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر داکۆکیمان لێی کرد."
بە ئاماژەکردن بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کە گوێگری پانێڵەکە بوون، لە نێویاندا فەلاح مستەفا، راوێژکاری سەرۆکی هەرێم و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، سەیلەر گوتی "دەبینم هەندێ نوێنەری کورد لێرە زەردەخەنە دەکەن، ئەوان دەزانن مەبەستم چییە و دەزانن چیم کردووە."
دیپلۆماتەکە هەروەها رایگەیاند "بە ناوی برۆکسلەوە، دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم کە ئەم هەڵبژاردنە کرا. پێموایە لە چەند مانگ و ساڵی داهاتوودا دەزانن ئەم هەڵبژاردنە چەند گرنگە."
داوای دوو ساڵ درەنگکەوتن، 20 تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پاش 20 رۆژ لە هەڵمەتێکی گەرموگوڕی بانگەشە، خەڵکی کوردستان دەنگیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی دا کە چوار ساڵ بەردەوام دەبێت.
لە هەمان پانێڵدا کە بە ناونیشانی "عێراق و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان: کارە لەپێشینە لێکنزیکەکان و بەهێزکردنی هاوبەشی" بەڕێوەچوو، جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق گوتی "پیرۆزباییتان لێدەکەم بۆ ئەو هەڵبژاردنەی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، هیوادارین لە ساڵی 2025ـیشدا هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووانە ئەنجامبدرێت." مەبەست لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵیی عێراقە.
هەر لە هەمان پانێڵدا، ئەندریا ناسی، باڵیۆزی نەمسا لە عێراق رایگەیاند "هەڵبژاردنی گشتیی هەرێمی کوردستان، بابەتێکی زۆر گرنگ بوو و دەبێتە هۆی بەردەوامیی سەقامگیریی عێراق بەگشتی."
هەڵبژاردنەکە دوای هەموارکردنەوەی یاسایێکی مشتومڕهێنی هەڵبژاردن کە بووە هۆی گۆڕینی بازنەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی کۆتاکان، لە ژێر سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرا.
ئەنجامە بەراییەکان پێشانیدەدەن پارتی دیموکراتی کوردستان یەکەم، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووەم و نەوەی نوێ سێیەمە. ژمارەیەک پارت گومانیان لە ئەنجامەکە هەیە و چاوەڕێی ئەوەن دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی، سبەی چوارشەممە، بە تۆمەتی ساختەکاری، تانەی لێ بدەن.
نۆیەم دیداری پەیمانگەی توێژینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (مێری) لە دەیەم ساڵیادی دامەزراندنی دەزگاکەدا بە سپۆنسەری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر بە بەشداریی سەرکردە و دیپلۆماتانی نێوخۆ و بیانی بەڕێوەدەچێت.
باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دووەم پانێڵی دیداری مێری کە بە ناونیشانی "پەرەسەندنی پەیوەندییە گشتگیرەكانی نێوان ئەمریکا و عێراق" بوو، قسەی کرد و، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی وەک "نموونەیەکی زۆر باش" باس کرد.
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان گوتی "کوردستانی عێراق پێشانیدا کە دەکرێت دیموکراسی بەهێز بێت. سەیری ئەو هەڵبژاردنانە بکەن کە لە 20ـی تشرینی یەکەم کران. هەڵبژاردنی بە جۆش و خرۆش بوون، وەک زۆربەی هەڵبژاردنەکان. رێژەی بەشداریکردنەکە گەورە بوو. 72 یان 74٪ بوو؟ بە بڕوای من ئەوە؛ نموونەیەکی زۆر باشە بۆ هەر هەڵبژاردنێک."
دەستپێک و یەکەم پانێڵی دیداری مێری لە فەیسبووکی رووداوەوە:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ