رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نەورۆز تەنیا بە مانای رۆژی نوێی ساڵێکی نوێ نایەت، بەڵکو "بیرخەرەوەی ئەوەیە کە ستەم بەردەوام نابێت."
ئێوارەی (ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20-3-2025) بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق؛ ژمارەیەکی زۆر باڵیۆز، کۆنسووڵ، دیپلۆمات، نوێنەر و نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها بە بەشداریی هەزاران هاونیشتمانی و گەشتیار، کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، لە پایتەختی نەورۆز لە ئاکرێ سازکرا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "نەورۆز تەنیا رۆژێکی نوێی ساڵێکی نوێ نییە؛ نەورۆز بیرهێنانەوەیە کە ستەم و بێدادی بەردەوام نابێت. ئەو نەتەوە و میللەتەی داوای ئازادی دەکات، رۆژێک هەر دێت بگاتە ئەو ئازادییە. هیوای من ئەوەیە ئەم رۆژە ببێتە دەستپێکی ئاشتی، پێکەوەژیان و بەختەوەری بۆ هەموو گەلانی جیهان، بەتایبەتی بۆ گەل و خەڵکی ئێمە."
مەسرور بارزانی سوپاسی خەڵکی ئاکرێی کرد کە هەموو ساڵێک پێشوازیی گەرم لە گەشتیاران دەکەن و بەو هۆیەوە "گەشتیاران بە دڵخۆشییەوە سەردانی ئاکرێ دەکەن."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، دوو ساڵە کاریان بۆ ئەوە کردووە رۆژی نەورۆز لە ئاکرێ بکرێتە بۆنەیەکی نێودەوڵەتی و سوپاسی کوڕ و کچانی ئاکرێی کرد کە "هەموو ساڵێک دیمەنێکی جوان بە کوردستان و دەرەوەی کوردستانیش دەبەخشن."
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گوتی: "جگە لە کورد، نەورۆز لەلایەن گەلانی دیکەشەوە یاد دەکرێتەوە، ئیدی ئەگەر دەستپێکی ساڵی نوێ بێت یان بەهار یان هەر واتایەکی هەبێت؛ نەورۆز بۆ گەلی کورد واتایەکی گەورەی هەیە کە واتای ئازادییە."
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەدا کە نەورۆز تەنیا باسکردنی زوحاک و کاوە نییە لە چەند هەزار ساڵێک پێش ئێستا، بەڵکو باسی ساڵی 1991ـیشە کاتێک بە هەوڵ و خەباتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، هەرێمی کوردستان ئازادکرا و دواتریش بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان، ناوچەی دژە فڕین راگەیێندرا کە بووە هۆی ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی ئێستا بەدەستبێن.
ئاکرێ بە "پایتەختی نەورۆز" ناسراوە و ساڵانە بە ئاهەنگی نەورۆز، سەرنجی هەزاران گەشتیار رادەکێشێت. بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 88 هەزار گەشتیار بەشدارییان لە کەرنەڤاڵی جەژنی نەورۆزی ئاکرێ کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ