راوێژکارێکى سەرۆکوەزیران: کۆتایی ساڵ سەکۆى بەدناوی ئەلیکترۆنى دادەخرێت

29-10-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن دیداری مێری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، کۆتایی ساڵ سەکۆى "بەدناو"ـی ئەلیکترۆنى بۆ وەرگرتنى داواکاریى فرۆشتنى دۆلار دادەخرێت. بە بۆچوونى ئەندامێکى پەرلەمانى عێراقیش بەرژەوەندیی کەسی و حیزبى رێگرن لەوەى ئەو یاسایانە جێبەجێ بکرێن کە هاندەرن بۆ وەرهێنان و گەشەى ئابوورى لە عێراق. 
 
یەکێک لە پانێڵەکانى یەکەم رۆژى دیدارى مێرى، کە ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تشرینى یەکەم لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان دەستىپێکرد، تایبەت بوو بە دەرفەتى وەربەهێنان لە عێراق و ئاڵنگارییەکانى بەردەمى.  
 
'عێراق چاکسازی دەکات'
 
محەممەد دەڕاجى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى تەکنیکى لە بەشداریکردنى پانێڵەکەى دیدارى مێرى رایگەیاند، رەنگە سەدان هۆکار هەبن بۆ ئەوەى هاندەر نەبن بۆ وەبەرهێنەرێکى بیانى، سەرجەم سەرمایەکەى لە وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەکى راستەخۆ بخاتەگەڕ. 
 
دەڕاجی گوتى "عێراق بودجەیەکى گەورەیەى هەیە و پارەى زۆرە، بەڵام دەبێت وەگەڕخستنى ئەو پارانە بەشێوەیەکى دروست بێت."
 
بودجەى عێراق بۆ ئەمساڵ 211 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستانیش زیاتر لە 20 تریلیۆن دینارە.
 
راوێژکارەکەى سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند "بۆ یەکەمجار لە مێژووى عێراق، حکومەت گەرەنتى سەروەریى داوە بۆ ئەوەى [هاتنی کەرتی تایبەت بۆ عێراق] بخاتە بەردەم کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى."
 
محەممەد دەڕاجى گوتى "کۆتایی ئەمساڵ سەکۆى بەدناوی ئەلیکترۆنى کۆتایی دێت و ئەوە هەڵەیەکى ستراتیژیی گەورە بوو لە حەواڵەکردنى دراو و لە پەیوەندى لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دووریخستینەوە."
 
سەکۆى ئەلیکترۆنى تەنیا رێگەیە لەبەردەم گەشتیاران و بازرگانان بۆ ئەوەى لە رێگەیەوە داواى دۆلار بکەن، تاوەکو بانکى ناوەندى بە نرخى فەرمى پێیان بدات. 
 
راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى تەکنیکى ئاماژەى بەوەدا، جگە لە جگەرە و تەلەفۆن، کاڵاکانى دیکە لەسەر بنەماى قەبارە، گومرگ دەکرێن. دەڕاجی گوتی "کێشەیەکمان هەیە کە دەبێت چارەسەربکرێت؛ دەبێت گومرگ لە ئیراهیم خەلیل و بەسرە یەکبخرێت و هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ لە سەروبەندى لێکتێگەیشتنن لەو بارەیەوە."
 
زۆریی بڕى هاوردەى عێراق، یەکێکى دیکە بوو لەو پرسانەی وەک کێشە بۆ ئابووریى وڵاتەکە باسکرا.
 
محەممەد دەڕاجى گوتی "بەداخەوە، عێراق بووەتە چاڵێک بۆ [ساخکردنەوە]ـی کاڵاى وڵاتانى دیکە، هەموو شتێک هاوردە دەکەین و داهاتە سرووشییەکانمان لە دەست دەدەین، کە دەبێتە دراوى قورس لە رێگەى هاوردەکردنى ئەو کاڵایانەى دەکرێت لەنێو عێراق دروست بکرێت و، بە مادەى سەرەتایی و خامى عێراقیش، بۆیە بەجێکردنى پیشەسازیى گرنگە."
 
یاسا هەیە و جێبەجێ ناکرێت 
 
ئاڵنگارییە یاساییەکانى بەردەم وەبەرهێنان لە کەرتى وزە، یەکێکى دیکە بوو لەو پرسانەى لە سێیەم پانێڵی یەکەم رۆژی دیداری مێری بەناونیشانی "وەبەرهێنان لە عێراق: ئاڵنگاری و دەرفەتەکان'' گفتوگۆى لەبارەوە کرا.  
 
محەممەد عەبد رەببە، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق گوتى "چەندین یاسا هەن کە پەرلەمانى عێراق پەسندی کردوون و تایبەتن بە وەبەرهێنان و پاڵپشتیى ئابوورى، بەڵام هەندێجار ئەو یاسایانە جێبەجێ ناکرێن، هەندێجار ئەو یاسایانە دژ بەوەیە کە لە کۆمەڵگە هەیە و لە بەرژەوەندیى کەسی و حیزبی، کە وا دەکات ئەو یاسایانە جێبەجێ نەکرێن، ئەوەش دەبێتە هۆى دواکەوتنى پاڵپشتیی ئابووریى عێراق". 
 
عێراق بەرەو ئەوە دەڕوات پشت بە وزەى نوێبووەوە ببەستێت، ئەوەش دەرفەتێکى دیکەیە بۆ وەرهێنانى کۆمپانیاکانى کەرتى وزە لە عێراق. 
 
محەممەد عەبد رەببە گوتى "پڕۆژەیاساى وزەى نوێبووەوە لە مانگى داهاتوودا لە پەرلەمان دەنگى لەسەر دەردێت، کە هاوکاری کەرتى تایبەت دەبێت لە دانانى سیستمى بەرهەمهێنانى کارەبا لە رێگەى وزەى خۆرەوە." 
 
ئاڵنگارییەکانى بەردەم وەرهێنەرانى بیانى لە عێراق
 
عەبدوڵڵا قازی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم لەو پانێڵە رایگەیاند؛ کەرتى تایبەت لە وەبەرهێنانى ناوچەکە گیرۆدەیی هەیە و هەر وەبەرهێنێک رووى لە عێراق کردبێت، بە چەندین ئاڵنگاریدا تێپەڕ بووە.
 
کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆڵیۆم لە کەرتى گازى و نەوتى هەرێمى کوردستان و عێراق وەبەرهێنان دەکات.
 
بەگوتەى بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، چەند هۆکارێک هەن کاریگەرییان لەسەر وەبەرهێنان لە عێراق هەیە؛ لەوانە یاسا و ژینگەى کار و سەقامگیریی ئەمنى.
 
عەبدوڵڵا قازی گوتى "دەبێت یاساگەلێک هەبن، کە وا بکەن وەبەرهێنەر پارێزگارى لە وەبەرهێنانەکەى بکات، ژینگەى کار بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە گرنگە کە دەچنە عێراق کە پڕە لە ئاڵنگاریی بیرۆکراتیەت و رۆتین، ئەوە جگە لەوەى دۆخى ئەمنى لەهەندێک ناوچەى عێراق نائارامە، ئەگەر ئەو خاڵانە لەبەرچاو بگیرێت، ژینگەى وەبەرهێنان راکێشەر دەبێت، نەک دەرپەڕێنەر." 

 

تەواوی پانێڵی 'وەبەرهێنان لە عێراق؛ ئاڵنگاری و دەرفەتەکان'  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە