شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەنجوومەنی وەزیران رێنمایی بۆ یاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکان پەسندکردووە

20-03-2025
مالیک محەممەد
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاخەوان عەبدوڵڵا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەکات و دەڵێت، سێ رۆژ پێش ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێنمایی لیژنەی تایبەتی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە پەسندکردووە و هاوئاهەنگی بۆ جێبەجێکردنی دەکرێت.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی نەورۆز لە کەرکووک، بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند: "سێ رۆژ پێش ئێستا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێنمایی لیژنەی تایبەتی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی شۆڕشی هەڵوەشاوە پەسندکرد. ئێستا خەریکی هاوئاهەنگین بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "خۆشحاڵین ئەمڕۆ هەموو بەرپرسانی حیزبە کوردییەکان پێکەوە ئاهەنگ دەگێڕن. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئێمە چۆن یەکێتی نێوان لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و تەبایی نێو پێکهاتەکانی کەرکووک بپارێزین."
 
لەبارەی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی، شاخەوان عەبدوڵڵا گوتی: "لێکنزیکبوونەوە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە؛ هەرکات لێک نزیکبوونەوەش هەبووبێت، کاریگەری لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش بووە. هیوادارین بە یەک گیان و هەڵوێست کار بکرێت."
 
ئەمڕۆ 20ـی ئادار، بە ئامادەبوونی هەزاران هاونیشتمانی، ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکووک کرایەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە