بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ موراد قەرەیلان، پەخشی کەناڵێک بۆ ماوەیەک راگیرا

20-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی پەخشکردنی هەڤپەیڤینێک لەگەڵ موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، پەخشی ئاسمانیی کەناڵ 8 ماوەیەک راگیرا و هەژماری فەرمیشی لە فەیسبووک داخرا. دوای نزیکەی کاژێرێک لە راگیرانی، کەناڵەکە گەڕانەوەی پەخشی راگەیاند.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025) کەناڵ 8  لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 17:00 ـى ئێوارەى ئەمڕۆ، "کەناڵ8 لە چوارچێوەى ئەرکى میدیایى و کارى پرۆفیشناڵانەى خۆیدا، پەیامى فەرمیى پەکەکەى لەبارەی بانگەوازەکەى عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەى موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە کەناڵ 8ـەوە گواستەوە. پاش نیو کاتژمێر لە پەخشکردنى دیمانەکە، پەخشى کەناڵەکە لە مانگى دەستکردى نایلسات، یاهسات و پەیجى کەناڵ 8 لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک، راگیرا."
 
دیلان میرزا، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای کەناڵ 8 بە رووداوی گوت، "دوای هەڤپەیڤینەکە، لەناکاو هێرشێکی بەرفراوانی ئەلیکترۆنیمان کرایەسەر و پەخشمان لە نایلسات و یاهسات راگیرا. بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەش، پەڕەی فەرمی کەناڵەکەشمان لە پلاتفۆرمی فەیسبووک نەما."
 
دیلان میرزا گوتیشی "وێبسایتی کەناڵەکەشمان زیاتر لە 265 هەزار هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر". 
 
بەڕێوەبەرایەتی کەناڵ8 لە راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندووە "لە 1ـى تشرینى یەکەمى 2024ـەوە بەردەوام لە کارە رۆژنامەوانییەکانماندا رۆژانە بۆچوونى تەواوى لایەنەکانى ئەو پرۆسەیەى لە تورکیا هاتووەتە ئاراوە گواستووەتەوە. گواستنەوەى پەیامى بەرپرسانى پەکەکەش لە چوارچێوەی گواستنەوەى بۆچوونى سەرجەم لایەنەکانى ئەو پرۆسەیەدا بووە."
 
دوای نزیکەی کاژێرێک لە راگیرانی پەخش، کەمێک پێش ئێستا پەخشی کەناڵەکە گەڕایەوە و هەژمارەکەشیان لە فەیسبووک دەستی بە کار کردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە