رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە پەیامی نەورۆزدا دەڵێت، با جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ سووریایەکی دیموکراسی و ئازاد کە تێیدا شکۆی هاووڵاتییانی پارێزراو بێت.
لە پەیامی نەورۆزی ئەنەکەسەدا هاتووە، نەورۆزی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە قەیرانەکان لە جیهاندا لە زیادبووندان و ناکۆکییەکان لە هەموو شوێنێک قووڵتر دەبنەوە و بایەخی نێودەوڵەتیش بۆ دۆخی سووریا کەم دەبێتەوە.
ئەنەکەسە جەخت لە پێویستی چارەسەری سیاسییانەی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە دەکاتەوە، بە جۆرێک دەسەڵاتێکی دیموکراسی ناناوەندی لە سووریا دا هەبێت و کار بکات بۆ ئەوەی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە دەستووردا جێگەی بکرێتەوە.
ئەنەکەسە پێویستیی بەهێزکردنی پێکەوەژیان، لێبووردەیی و رێزگرتنی هاوبەشی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا دووپات دەکاتەوە.
ئەنەکەسە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هاوکار بێت بۆ راگرتنی تووندوتیژییەکان و سەرخستنی هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کە تێیدا مافەکانی گەلی کورد بپارێزرێن.
ئەنەکەسە دەڵێت: "با جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ سووریایەکی دیموکراسی و پڕ لە دادپەروەری و ئازادی کە تێیدا شکۆی هاووڵاتییانی پارێزراو بێت. با نەورۆز پاڵنەر و هاندەر بێت بۆ یەکخستنی هەڵوێستی کورد لە سووریادا لەپێناو نەهێشتنی نەهامەتی گەلی کورد و سووریاییەکان و دامەزراندنی سووریایەکی نوێ کە تێیدا هەمووان بێ جیاوازی نەتەوە، ئایین و ئاینزا بە ئارامی بژین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ