رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی کوردی، لە زۆربەی ناوچەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوەدەچێت.
تۆڕی میدیایی رووداو لە شارە جیاجیاکانەوە رووماڵی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز دەکات.
لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی کەرکووک بەیەکەوە ئاگری نەورۆزیان کردەوە
وەک نەریتی ساڵانەی یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز لە کەرکووک، ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای شارەکە دادەگیرسێندرێت.
ئەمڕۆش ئاگری نەورۆز لەو شارە کرایەوە و ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان بە ئاڵای کوردستانەوە لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بوون.
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، ئاگری نەورۆز لەلایەن حیزب و لایەنە سیاسییەکان، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان داگیرسا.
ساڵانە لە کەرکووک سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەر لە جەژنی نەورۆز کۆدەنگییان هەیە بۆ ئەوەی پێکەوە یادەکە بکەنەوە.
بەگوتەی پەیامنێری رووداو، نەتەوەکانی دیکەش بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بوون و پیرۆزباییان لە هاونیشتمانییان کرد.
لە بەشێکی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕانی پارێزگاکەش کە ئاگری نەورۆز کرایەوە.
خورماتوو
هاوکات خەڵکی قەزای خورماتوو لە باخچەیەکی گشتیی قەزاکە گردبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان کردەوە.
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی، ئەمنی و حیزبی لە ئاهەنگەکەدا بەشداربوون.
مەلا کەریم شوکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە ئاهەنگەکەدا بە رووداوی گوت، ''خەڵکی خورماتوو لە سەرجەم بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا ئامادەییان هەیە. خەڵکی ئەم شارە قوربانیی زۆریان داوە، بۆیە مافی خۆیانە لە بۆنەکاندا بەشدار بن.''
هەولێر
بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاگری نەورۆز لە بەردەم قەڵای مێژوویی شارەکە داگیرسا.
فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، بەشێک لە هاونیشتمانییان مەشخەڵیان لە داوێنی قەڵای هەولێر داگیرساند و بە سواری ئەسپ و بە پیادە، بەنێو بازاڕدا چوونە سەر قەڵا و ئاگری نەورۆزیان داگیرساند.
بەشێکی بەرپرسانی کارگێڕیی شارەکەش لە ئاهەنگەکەدا ئامادە بوون.
نەورۆز لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان
هاوکات لە ناوچەی گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستانیش ئاهەنگێک بەڕێوەچوو.
شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، ''لە دوای 10 ساڵ، خەڵکی گەڤەر توانیان لێرە ئاهەنگی نەورۆز بگێڕن".
وەک شەوکەت هەرکی گوتی، قەرەباڵخییەکی زۆر لە ئاهەنگەکەدا دەبینرا و نزیکەی 50 هەزار کەس بەشدار بوون.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، ئاهەنگەکە بێ کێشە بەڕێوەچوو، ''تەنیا لە دەستپێکدا نەبێت، کە هەندێک ئاڵۆزیی بچووک لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و ژمارەیەک گەنج دروستبوو، کە دواتر ئەویش چارەسەر کرا.''
هاونیشتمانییەک لە گەڤەر بە رووداوی گوت، "ئاهەنگەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچوو. ئێمە زۆر دڵخۆشین".
''مێژووی نەورۆز بۆ زیاتر لە 12 هەزار لەمەوپێش دەگەڕێتەوە''
هەر ئەمڕۆ، د. مەولوود ئیبراهیم حەسەن، نووسەر و توێژەری کورد، لەبارەی پێشینەی نەورۆزەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''زیاتر لە 20 ساڵە بەدوای مێژووی نەورۆزەوەم، مێژووی نەورۆز لەلایەن زۆر وڵاتانە باس کراوە، بەڵام مێژوویەکی راستەقینە لە ئێمە بزر بووە.''
بەگوتەی د. مەولوود ئیبراهیم، بەڵگەکان دەرخەری ئەوەن مێژووی ئەم بۆنەیە بۆ زیاتر لە 12 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ گوتیشی، ''چاوەڕوان دەکەین بەڵگەی لەوە کۆنتریش بدۆزرێتەوە.''
سلێمانی
کۆمەڵێک چالاکی لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە ناحکومییەکانەوە لە سلێمانی بەڕێوەچوون.
نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی گوتی، لە گردی مامەیارەی شارەکە ئاهەنگی نەورۆز و هەڵپەڕکێ هەبوو و ئاگری نەورۆز کرایەوە.
نزار جەزا گوتیشی، ''لە کاژێر 20:00ـی ئەمشەو، کۆمەڵێک شاخەوان بە مەشخەڵی داگیرساوەوە، بە چیای گۆیژەدا سەردەکەون."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، زۆر خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە چوونەتە سلێمانی و لە ئاهەنگەکاندا بەشدارن.
رانیە
پاركی دەروازەی رانیە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین یەکێکی دیکە لەو شوێنانە بوو کە بۆ داگیرساندنی ئاگری نەورۆز هاونیشتمانییانی لە دەوری یەکدی کۆکردەوە و قەرەباڵخییەکی زۆر هەبوو.
هاونیشتمانییەک بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''نەورۆز بۆنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە و نابێت لە هیچ دۆخێکدا کەمتەرخەمی لە بەشداریکردنی بۆنە نەتەوەییەکاندا بکرێت.''
''پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار لە ئاهەنگی نەورۆزی ئاکرێدا بەشدار بن''
ئاکرێ بە "پایتەختی نەورۆز" ناسراوە و ساڵانە بە ئاهەنگەکانی سەرنجی خەڵک رادەکێشێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کۆنسووڵی وڵاتان ئاهەنگەکە دەستی پێکرد.
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی ئاکرێ لەوبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکات زیاتر لە 70 هەزار گەشتیاری نێوخۆیی و بیانی لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بن.
هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان کە لە ئاهەنگەکەی ئاکرێ بەشدارە، بە هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''هەستێکی زۆر خۆشمان هەیە. ئەم دیمەنە بۆ من شتێکی نوێ بوو.''
ئەو هاونیشتمانییە هیوای خواست کورد یەکبگرن و گوتی: ''داوا لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستانیش دەکەم، هاودەنگییەک دروست بکەن، ئێستا کاتی یەکگرتنە.''
سۆران
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش لە ئیسقەڵا ئاهەنگێک بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵ بەڕێوەچوو، ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی دا، ئەو شوێنە لەدوای میر محەممەدی رواندز (محەممەد پاشا) یەکەم جارە یادی نەورۆزی تێدا دەکرێتەوە.''
ژمارەیەکی زۆری هاونیشتمانییان لە ئاهەنگەکەدا بەشدار بوون و تیپی میوزیکی هونەرە جوانەکانی رواندز بە گۆرانی و میوزیکەوە ئاهەنگەکەیان رازاندەوە.
پەیامنێری رووداو ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆر مەشخەڵ ئامادە کراوە، کە بە دەوری ئیسقەڵادا بە هەڵکراوی بسووڕێنەوە.
هەڵگورد شێخ نەجیب، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان و سەرپەرشتیاری پێشووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''ئەمساڵ بەرنامەیەکی تایبەتمان بۆ ئیسقەڵا هەیە، بە دروستکردنی کۆڕنیش، پارکێک و نۆژەنکردنەوەی ئەو مێژووەی کە هەموومان شانازی پێوە دەکەین، بۆیە بڕیارمان دا ئاهەنگەکە لەو قەڵایە بەڕێوەبچێت.''
ئامێدی
لە دەرگەی مێژوویی ئامێدی، ئاهەنگی تایبەت بە نەورۆز بەڕێوەچوو.
یەکێک لە رێکخەرانی ئاهەنگەکە بە حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''دوای بەربانگ، دەچین بۆ داگیرساندنی ئاگر لە دەرگەی مێژوویی ئامێدی.''
بەگوتەی ئەو رێکخەرەی ئاهەنگەکە، ژمارەیەک ئەسپسوار لەکاتێکدا ئاڵای کوردستانیان لەدەستدایە، بەرەو بەرزایی دەرگەی ئامێدی کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی میرگەی بادینان دەگەڕێتەوە، سەردەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ