دیداری مێری لە 29 و 30ـی مانگ بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت

27-10-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئەنستیتیوتی مێری لەبارەی دیدارەکە لە رۆژی هیوا جەمال قسە دەکات
د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئەنستیتیوتی مێری لەبارەی دیدارەکە لە رۆژی هیوا جەمال قسە دەکات
نیشانەکردن دیداری مێری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژانی 29 و 30ـی ئەم مانگە، دیداری مێری بە ناونیشانی (بەرەو حوکمڕانی دروست و خۆشگوزەرانی) لە شاری هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەدەچێت. 
 
لە دیدارەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق و محەممەد حەسەن، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتاریان دەبێت. 
 
د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئەنستیتیوتی مێری، لەبارەی ناونیشانی ئەم ساڵی دیداری مێری بە رووداوی گوت، "خۆشگوزەرانی ئەو ئامانجەیە کە هەموومان دەبێت کاری بۆ بکەین. خەونمانە کە لە وڵاتی خۆمان خۆشگوزەران بین، بەڵام خۆشگوزەرانی پێویستی بە حوکمی دروستیش هەیە. ئەوە ئەو ئامانجەیە کە دەبێت لە ئاییندەدا پێیبگەین و کاروانی خەباتمان بەو ئاراستەیە ببەین. حوکمی دروستیش کۆمەڵێک بنەمایە و تاوەکو ئەوانە نەبن خۆشگوزەرانیش نابێت". 
 
د. دلاوەر عەلائەدین دەڵێت، "ئێمە لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان بە دەردەسەری زۆردا تێپەڕبووین. لە سایەی حوکمی خراپ تووشی نیگەرانی، نەهامەتی، جێنۆساید و بێبەشبوون بووین؛ بۆیە دەبێت بڵێین ئەگەر بڕیاری حوکمڕانی بەدەست خۆمان بێت، دەبێت ئەم وڵاتە بە رێچکەیەکی ساخ و رێچکەیەکی باشدا ببەین بەرەو خۆشگوزەرانی، بەڵام لە 100 ساڵی رابردوودا حوکمی دروست لە عێراق و هەرێمی کوردستان و لای دراوسێکانیشمان دروست نەبووە."  
 
دیداری ئەم ساڵ چەند تەوەرێک لەخۆدەگرێت کە زیاتر جەخت لەسەر عێراق دەکەنەوە. وەک دامەزراوەکە بڵاوی کردووەتەوە، تەوەرەکانی ئەم ساڵ بریتین لە (عێراق بۆ هەمووان بێت؛ عێراق و دەور و دراسێكانی؛ عێراق لەنێو هاوكێشە ئیقلیمی و جیهانییەكاندا؛ هاوكاریی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتسازی لە عێراق؛ پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر: چارەسەری كێشە ریشەییەكانی ناكۆكی). 
 
لە ساڵانی رابردوودا لە ناونیشانەکانی دیداری مێرییدا ناوی عێراق، هەرێمی کوردستان یان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەهێنرا، بەڵام لە ناونیشانی ئەم ساڵدا ناوی هیچ شوێنێک نەهێنراوە. لەبارەی دیارینەکردنی جوگرافیا لە ناونیشانی ئەم ساڵدا د. دلاوەر عەلائەدین گوتی، "مێژوو و ژیان سەلماندوویانە، کەسمان بەتەنیا نین لە دوورگەیەکدا تاوەکو تەنیا خەمی خۆمان بێت. ئاگر و ناکۆکییەکانی دەوروبەرمان ئێمەش دەگرنەوە. بەپێچەوانەوە ئێمەش دەستپێشخەربین. بۆیە ناتوانیت تەنیا بیر لە یەک شوێن بکەیتەوە؛ خۆشگوزەرانی شتێکە هەموومان پێویستمانە. ناوی شوێنێکمان نەهێناوە، چونکە خۆشگوزەرانی هەمووان دەگرێتەوە."
 
دلاوەر عەلائەدین گوتی، "کاتێک دەڵێین حوکمی دروست و خۆشگوزەرانی، زیاتر مەبەستمان هەرێمی کوردستان و عێراقە. ئەوە ئەولەویەتە، چونکە ئەوە ماڵی خۆمانە و حوکمی خۆمان بەدەست خۆمانە، بەڵام هی دەرەوە بەدەست ئێمە نییە".
 
دیداری مێری رۆژی سێشەممە کاژێر 9ـی بەیانی دەست پێدەکات و حەوت پانێڵ لەخۆدەگرێت، تاوەکو کاژێر 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. رۆژی چوارشەممە رۆژی دووەمی دیدارەکەیە و حەوت پانێڵ لەخۆدەگرێت، تێیدا بە پانێڵی (هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەوروبەرێكی پشێودا: دیدگا و ئاراستەکان) لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆتایی بە کارەکانی دیدارەکە دێت. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.