رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی ئایینی لە بەریتانیا کە بۆ 4 ساڵ بەشیر سالار لە مزگەوتەکەی لە مانچێستەر نوێژی کردووە، چیرۆکی ژیانی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئامۆژگارییەکانی ئێمەی وەرنەدەگرت. بەهۆی نانەوەی کێشە لە مزگەوت دەرمان کرد".
جەبار دووکانی، ئەندامی باڵای کۆمەڵەی کوردیی بەریتانیا، گوتارخوێنی سەنتەری مەولەوی مزگەوتی شێخ رەئووف بەرزنجی لە مانچێستەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا گوتی: "بەشیر کەسێکی ئاسایی نەبوو. باوکی بەشیر چەند جارێک داوی لێکردم ئامۆژگاری بکەم، بەڵام ئامۆژگارییەکانی ئێمەی وەرنەدەگرت".
جەبار دووکانی گوتی: "باوکی بەشیر پەیوەندی پێوەکردم و گوتی کە قەرزێکی زۆری کردووە تاوەکو بەشیر گەیشتووەتە بەریتانیا، بەڵام ئێستا کارناکات و هیچ هاوکاریم ناکات لە دانەوەی قەرزەکە. لەسەر داوای باوکی، لە مزگەوتەکەی خۆمان لەگەڵ بەشیر دانیشتم و لێم پرسی کە هۆکار چییە کارناکات و کێشە بۆ باوک و خێزانەکەی لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بەڵام بەشیر هیچ وەڵامی نەدامەوە و دەیگوت ئەوە شتێکە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە. تەنانەت پێم گوت کارت بۆ دەدۆزمەوە، بەڵام ئامادە نەبوو کار بکات".
ئەگەرچی زیاتر لە ساڵێکە ئەو مامۆستا ئایینییە رێگەی نەداوە بەشیر لە مزگەوتەکەی بمێنێتەوە، بەڵام هەندێک یادەوەری ئەو گەنجەی لەیاد ماوە و دەڵێت: "رۆژێک پێی گوتم بۆچی وەک مامۆستایەکی ئایینیی هێندە بە نەرمی گوتار دەدەیت و لەسەر مینبەر هاوار ناکەیت؟ منیش پێم گوت کە ئێمە میانڕۆین و بەمجۆرە نەرم و نیانە کار بۆ بڵاوکردنەوەی ئایینەکەمان دەکەین".
جەبار دووکانی بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی یادەوەرییەکانی لەبارەی بەشیر سالار لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا و گوتی: "بەشیر بەردەوام ریشێکی ئاسایی هەبوو و جلوبەرگی کوردی لەبەردەکرد، کاتێک دەهاتە مزگەوت رای خۆی لەبارەی حەڵاڵ و حەرام دەگوت و رەخنەی لە شێخ و پێشنوێژ و گوتارخوێنەکان دەگرت. چەندجارێک ئاگادارمان کردەوە کە ناتوانێت بەو جۆرە رای خۆی لە مزگەوت باس بکات و ئەوە کاری ئەو نییە، بەڵام هەر تووندڕۆ بوو و بەردەوام کێشەی دەنایەوە تاوەکو ناچار پێمان گوت کە لە مزگەوتەکەمان دووربکەوێتەوە".
گوتارخوێنەکەی سەنتەری مەولەوی مزگەوتی شێخ رەئووف بەرزنجی لە مانچێستەر لە باسی بەشیر گوتی: "کەسێکی ئاڵۆز بوو، نەماندەتوانی لێی تێبگەین. جارێکیان بە باوکیم گوت بەشیر ئامۆژگارییەکانی ئێمە وەرناگرێت و کەسێکی ئاسایی نییە. باوکی بە نائومێدی پێی گوتم، بوون و نەبوونی بەشیر بۆ خێزانەکەم وەک یەک وایە و لێی بێ هیوا بووین".
ئەو مامۆستا ئایینییەی مانچستەر باس لەوەش دەکات کە بەشیر جگە لەوەی تووندڕۆ بووە، لە هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیش کەسێکی شەڕەنگێز بووە و نموونە بەوە دەهێنێتەوە کاتێک دەچووە مزگەوتەکەی ئەوان و بەرماڵی رادەخست بۆ نوێژکردن، لە هەموو ئەو کەسانە تووڕە دەبوو کە بە نزیکیدا تێدەپەڕین و هەڕەشەی دەکرد کە هیچ کەسێک پێی بەر بەرماڵەکەی نەکەوێت.
جەبار دووکانی دەڵێت: "بەربانگێک لە مزگەوت خواردن دابەشکرا، کەسێک کە زۆر برسی بوو دوو پشک خواردنی پێدرا، بەڵام بەشیر کردی بە کێشە و شەڕ و خواردنەکەی لێسەندەوە و دەیگوت نابێت خواردنی زیادەی پێبدرێت".
بەشیر سالار کە تەمەنی 27 ساڵ بوو، چوار رۆژ بوو لە بەریتانیا گەڕابووەوە، دوێنێ شەو لە ماڵی باوکی لە گوندی گرێزەی قەزای سەیدساق، پێنج ئەندامی خێزانەکەی خۆی کوشت؛ باوک و دایکی، دوو خوشک و برایەکی و دواتر خۆیشی کوشت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشیر لە ئەورووپا بەرەو پەڕگیری ئایینی چووە، ریشێکی درێژی داناوە، باوکی داوای لێکردووە ئەو ریشە درێژە بتاشێت، بووەتە دەمەقاڵێیان و بە کڵاشینکۆفێک هەموویانی کوشتووە.
سەردار گرێزەیی، ئامۆزای خێزانە کوژراوەکە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا باسی لە دوایین بینینی بەشیر کرد کە چەند کاژێرێک پێش رووداوەکە بووە و گوتی: "باوکی بەشیر نەشتەرگەری بۆ کرابوو، بە حساب بەشیر بۆ سەردانی هاتبووەوە، بەڵام هیچ ئاسایی نەبوو و جۆرێک لە گۆشەگیریی پێوەدیاربوو".
بە گوتەی سەردار گرێزەیی، "چەند کاژێرێک پێش رووداوەکە تێبینی هەڵسوکەوتی نامۆی بەشیریان کردووە. کاتێك لە ماڵی ئەوان گەڕامەوە شەو بە منداڵەکانی خۆمم گوت بەشیر زۆر گۆڕاوە، تەنانەت کاتێک خزمان قسەیان لەگەڵ دەکرد و بەخێرهاتنەوەیان دەکرد وەڵامی نەدەدانەوە و وەکو جاران نەبوو. پێشتر کە بە سەردان لە ئەورووپا دەگەڕایەوە کەسێکی کراوە و ئاسایی بوو، بەڵام ئەمجارە هیچ لەو کەسەی پێشتر نەدەچوو."
بە گوێرەی بەدوادچوونی رووداو، لەنێو ئەو ماڵەی رووداوەکەی تێدا روویداوە کامێرای چاودێری هەیە؛ هەروەها ئەو رێگەیەی دەچێتە ماڵەکە کامێرای تێدایە. بە گشتی، هێزە ئەمنییەکان هاردی نزیکەی 15 کامێرایان بردووە و لێکۆڵینەوە دەکەن.
هێزە ئەمنییەکان پشتیان بە شایەتحاڵان بەستووە لە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییدا. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، "پۆلیس لەگەڵ چەندین کەس و دراوسێی کوژراوەکان قسەی کردووە و هەموویان جەختیان کردووەتەوە کە ئەو ماڵە هیچ کێشەیەکی موڵک و ماڵ و پارەیان نەبووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ