رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێت، خەڵک چاوەڕوانن یەک حکومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگەیان هەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئاداری 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند: "هیوادارین هێز و لایەنە سیاسییەکان لێک نزیک ببنەوە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، کە وەک لیژنەی ئامادەکاری هەردوولا باسی دەکەن، پێشکەوتنی زۆر لە پەیوەندییەکانیان هەیە؛ بۆیە هیوادارین ئەو مژدەیە بدەنە هاونیشتمانییان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
ئومێد خۆشناو دەڵێت، خەڵک چاوەڕوانن یەک حکومەت، یەک پەرلەمان و یەک هێزی پێشمەرگەمان هەبێت.
لەبارەی مووچەوە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "هیوادارین حکومەتی عێراق چی دیکە دەست بۆ مووچە و قووت و ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەبات. بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا مافەکانمان و دەستووری عێراق پێشێلکراوە. هیوادارین چیدیکە فەرمانبەران و مووچەخۆران ئەزیەت نەدرێن."
ئەمڕۆ لەسەر قەڵای هەولێر، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک بەرپرس و هاونیشتمانییەکی زۆر، ئاگری نەورۆز کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ