دادوەرێکى کورد لە دادگەى باڵای فیدراڵیی عێراق کشایەوە

12-03-2024
هەستیار قادر
حاکم عەبدولرەحمان سلێمان
حاکم عەبدولرەحمان سلێمان
نیشانەکردن دادگەی باڵای فیدراڵی مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکى کوردى دادگەى فیدراڵیی عێراق، کشانەوەى لە ئەندامیێتیى دادگەگە راگەیاند، هۆکارەکەشی بەستەوە بە "هەنگاوەکانى دادگە لە رێگەى بڕیارەکانى بەرەو ناوەندیێتى و دوورکەوتنەوە لە فیدراڵى". دادوەرە کوردەکە دەڵێت "دواى سێ ساڵ، گەیشتمە ئەو بڕوایەى؛ بەردەوامیم ئامانجى سەرەکى بەدەستهێنانى ئەو پۆستەم ناهێنێتەدى." 
 
رۆژی 12ـی ئادارى 2024، عەبدولرەحمان سلێمان زێباری، ئەندامى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی هەرێمى کوردستان لە هەولێر، کشانەوەى لە پۆستەکەی لە دادگەی باڵای فیدراڵی راگەیاند.
 
عەبدولڕەحمان زێباری راگەیاند لە پێگەیەکدا خۆى بینیوەتەوە، کە توانا زانستى و ئەکادیمییەکانى لە بەجێهێنانى ئامانجەکەى "لە بەرگریکردن لە هەرێمى کوردستان وەک هەرێمێکى دەستووری لەپێکەوتووە."
 
عەبدولڕەحمان زێباری گوتى "لەکاتى کارکردنم گەیشتمە ئەوەى کە ویستێک لە بڕیارە یەک لەدواى یەکەکانى دادگەى فیدڕاڵى هەیە، بۆ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتى ناوەندیێتى و دوورکەوتنەوە لە بنەماى فیدراڵ لە رێگەى فراوانکردنى دەسەڵاتى تایبەتمەندى فیدراڵى لەسەر حیسابی دەسەڵاتى هەرێمەکان یان دەسەڵاتە هاوبەشەکان."
 
دادوەر عەبدولرەحمان زێبارى، لەدایکبووى ساڵى 1972ـی شارى دهۆکە، لە ساڵى 2021ـوە ئەندامى بنەڕەتیی دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراقە.
 
ئەو دادوەرە ئاماژەى بەوەدا؛ دەستوورى عێراق بەجۆرێک داڕێژراوە کە هەموارکردنى ئاسان نەبێت بۆ پاراستنى مافى هەموو پێکھاتەکان، بەڵام هەندێک لە بڕیارەکانى ئەم دواییەى دادگەى فیدراڵى و شرۆڤەى بۆ مادەکانى، گەیشتوونەتە ئاستى هەموارى دەستوور لە چەند پرسێکدا لەوانە بنەماى فیدراڵى. 
 
لە کۆى نۆ ئەندامە بنەڕەتییەکەى دادگەى باڵای فیدراڵى، دوو ئەندامیان کوردن، بەڵام پێکەوە ناتوانن رێگر بن لە هەر بڕیارێکى پەیوەندیدار بە ناکۆکیی نێوان حکومەتى فیدراڵى و هەرێمەکان، بەو پێیەى عەرەب زۆرینەى پێکدەهێنن.
  
عەبدولرەحمان زێبارى گوتى "یاسایەکى نوێ بۆ دادگەى فیدراڵى دانەڕێژراوە و یاساکەى ساڵى 2005 بەر لە پەسندکردنى دەستوور گەڵاڵەکراوە، کە تایبەتە بە شێوازى کارکردنى دادگە لە بڕیارداندا، کە وایکردووە نوێنەرانى هەرێمى کوردستان لە دادگەى فیدراڵى نەتوانن رێگرى لەو بڕیارانە بکەن، کە زیان بە قەوارەى دەستوورى هەێمى کوردستان و مافەکانى دەگەیێنێت لەبەر ئەو هۆکارانە کێشانەوەى خۆمم لە دادگەى فیدراڵى راگەیاند."
 
رۆژی 21ـی شوباتى 2024، دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق دوو بڕیارى پێکەوە لەدژى هەرێمى کوردستان دەرکرد، یەکێکیان گواستنەوەى مووچە بوو بۆ سەر بەغدا و ئەوى دیکە هەڵوەشاندنەوەى کورسی کوتاى پێکھاتەکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانى کوردستان بوو.
 
عەبدولڕەحمان زێبارى گوتى "پەرۆش بووم بۆ ئەوەى توانای ئەکادیمیی خۆم بخەمەگەڕ بۆ فەراهەمکردنى بنەماکانى دیموکراتى و هەوڵدان بۆ رۆڵبینین لە پاراستنى بنەماکانى سیستمى فیدراڵى، بەڵام دواى سێ ساڵ، گەیشتمە ئەو بڕوایەى بوونم و بەردەوامیم، ئامانجی سەرەکى بەدەستهێنانى ئەو پۆستە، ناهێنێتەدى."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

لایەنی پەیوەندیدار: لە دەشتەکانی هەولێر و دهۆک پەڵەی نەداوە

بڕی بارانی باریو لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە هەمان ماوەی پار کەمترە، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاترە. بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە دەشتی هەولێر پەڵەی نەداوە.