رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 05-04-2025 باڵی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەی گۆڕان سێیەم کۆنفرانسی خۆی ببەستێت. یاسین حەمەعەلی، لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''کۆنفرانسەکە بەپێی یاسا بەرکارەکان و لەسەر بڕیاری فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان بە ژمارە 875 دەبەسترێت.''
یاسین حەمەعەلی گوتی، کۆنفرانسەکە لەژێر درووشمی ''هاونیشتمانی، دەستوور، دیموکراسی'' بە ئامانجی ''دووبارە سەرپێخستنەوە و هەستانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان'' بەڕێوەدەچێت.
بەگوتەی لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە)، کۆنفرانسەکە یەک رۆژ دەخایەنێت و ''ئەگەر پێویست بکات، ماوەکەی درێژ دەکرێتەوە.''
بەستنی کۆنفرانس لە گردی زەرگەتە لەکاتێکدایە، بەرپرسێکی باڵا لە باڵی کوردساتی بزووتنەوەکە بە رووداوی رایگەیاند: ''کۆنفرانس 10ـی نیسان لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆن لە دەرەوەی گردی زەرگەتە دەکرێت، ئەمە فەرمییە".
یاسین حەمەعەلی گوتی: ''هەر جۆرە پڕۆسەیەک بەپێی بڕیار و راسپاردەی فەرمانگەی پارت و رێکخراوەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بۆیە ئەم کۆنفرانسە بەپێی یاسا رێکخراوە.''
تاوەکو ئێستا دیار نییە کۆمیسیۆن چاودێریی پڕۆسەکە دەکات یان نا. لێپرسراوی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) لەوەبارەوە دەڵێت: ''کۆمیسیۆن تاوەکو کۆتایی پڕۆسەکە لەگەڵمان بەشدار دەبێت.''
وەک یاسین حەمەعەلی گوتی، ئەمڕۆ رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە دیاری ناکرێت، ''بەڵکو پڕۆسەکە دەمێنێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردنی جڤاتی نیشتمانی و لە یەکەم کۆبوونەوەی جڤاتدا رێکخەری گشتی هەڵدەبژێردرێت.''
ئەو لێپرسراوەی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان (گردی زەرگەتە) لەبارەی ئەوەی باڵەکەی دیکەی گۆڕان دەتوانن لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بن یان نا دەڵێت: ''ئەم کۆنفرانسە کۆنفرانسی هەموو گۆڕانخوازانە و دەرگەی دڵ و ماڵمان کراوەیە. ئەوەی مافی بەشداری هەیە و ئەندامی دەستەی گشتییە، دەتوانێت بەشداری ئەم کۆنفرانسە بکات.''
دوێنێ هەینی رۆڤان سەروەت، رێگەپێدراوی بزووتنەوەی گۆڕان لە ئۆفیسی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان (باڵی کوردسات)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ کۆنفرانسی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەمڕۆ نووسراوی فەرمی کۆمسیۆنمان بەدەست گەیشت کە لە 10ـی ئەم مانگەدا کۆنفرانسەکە بکەین".
بەگوتەی رۆڤان سەروەت، بۆ کۆنفرانسەکە هەموو ئامادەکارییەکیان بە گوێرەی راسپاردە و رێنماییەکانی فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی کۆمیسیۆن کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ