رووداو دیجیتاڵ
باران لە پارێزگای دهۆک باری و لە هەندێک شوێن زیانی لێکەوتەوە. هاونیشتمانییەک لە سنووری قەزای سێمێل دەڵێت: ''ماڵمان پڕ بوو لە ئاو؛ تەنیا پێڕاگەیشتم خێزانەکەم دەرباز بکەم.''
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 05-04-2025، لە کۆمەڵگەی دۆمیزی سەر بە قەزای سێمێل بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە ئاو لە رێگەوبانەکان کۆبووەوە و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی هاونیشتمانییان دروستبوو.
بەگوتەی نایف رەمەزان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ئاو چووە نێو ژمارەیەک ماڵ و زیانی پێگەیاندن.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی کۆمەڵگەی دۆمیز بە رووداوی گوت: "ژوورەکان پڕ بوون لە ئاو؛ کەلوپەلی نێوماڵ ژێرئاو کەوت.''
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد: ''خانووەکەمان بەرزە، بەڵام ئاوی بارانی ئەو گەڕەکە لەو کۆڵانەوە دەردەچێت، بۆیە تەنیا پێڕاگەیشتم خێزانەکەم دەرباز بکەم. ئاوەکە زیاتر لە نیو مەتر بەرز ببووەوە.''
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە قەبارەی زیانی لافاوەکە لەلایەن بەرپرسانی خۆجێیی قەزای سێمێلەوە بڵاونەکراوەتەوە.
19ـی ئاداری پاریش شەپۆلێکی بارانبارین و لافاو سنووری پارێزگای دهۆکی گرتەوە و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری مادی بە سنووری پارێزگاکە کەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ