پارتی دیموکراتی کوردستان بارەگای خۆی لە کەرکووک کردەوە

05-04-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی کرایەوە. بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لە پێویستی ''بەخۆداچوونەوە''ـی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکاتەوە. 
 
ئەمڕۆ شەممە 05-04-2025، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە؛ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حزبی و حکومیی دیکە، بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی خۆی لە کەرکووک کردەوە. 
 
هیوا ئەحمەد، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی لە گوتارێکدا رایگەیاند: ''دوای هەشت ساڵ، گەڕانەوەمان لەکاتێکدایە کە جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکاریی گەورەیان بەخۆیەوە بینیوە؛ پێدەچێت ئەو گۆڕانکارییانەش بەردەوام بن، بۆیە دۆخەکە هەستیارە.''
 
هیوا ئەحمەد گوتی: "ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هەمیشە درک بە هەستیاری و بەرپرسیارێتیی خۆمان بۆ گەلی کورد و گەلانی عێراق بەگشتی دەکەین.''
 
بەرپرسی  مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک-گەرمیانی پارتی  جەخت لە یەکڕیزیی کورد لە کەرکووک دەکاتەوە و دەڵێت: ''ئێستا لە هەموو کات زیاتر یەکڕیزیی گەلی کوردمان پێویستە. بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوە ببینە هەوێنێک بۆ یەکڕیزی و تەبایی، پێمان باشە لە هەموو کێشەکاندا چی لە رابردوو و چی لە ئێستادا، دەستوور باڵادەست بێت و هەموومان بگەڕێینەوە بۆ دەستوور.''
 
هیوا ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو کە ''پارتی [لە کەرکووک] بەشێک دەبێت لە چارەسەری گرفتەکان و سەرئێشە نابین بۆ هیچ کەسێک. ئێمە هاتووینەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری گرفتەکان بکەین، هەموومان دەست لەنێو دەستی یەکدی وەک برا، خزمەتی وڵاتی خۆمان بکەین.''
 
هاوکات فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند: ''ئێمە نەهاتووینەتە کەرکووک، بەڵکو ئێمە هەر لە کەرکووک بووین و لە کەرکووکیش دەبین، چونکە ئەگەر بۆ چەند وەختێک بە جەستەش لە کەرکووک نەبووبین، هەمیشە رێکخستن و باوەڕی کوردایەتی کە بیروباوەڕی رێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە، رەگ و ریشەی لەم کەرکووکەدا هەبووە و دەمێنێت و رۆژ بە رۆژیش زیادی کردووە.''
 
فازل میرانی ئاماژەی بەوە کرد کە ''ئێمە نامانەوێت بە چاوی خۆمان تەماشای خۆمان بکەین، بەڵکو دەبێت بە چاوی میللەتی خۆمانەوە تەماشای خۆمان بکەین، چی لە رووی حیزبییەوە، چی لە رووی ئەدای ئیداری و کوردایەتییەوە.''
 
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەرداگیرا.
 
 بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی: ''ئێمەی کورد، ئێمەی پارتی، ئێمەی کوردستانی، ناکرێت مێژووی خۆمان ببینین بە شێواندنی ناحەزان، یان هاوپەیمانانی دوێنێ و پشت لە ئێمە کردووی ئەمڕۆ. ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە هێز دەزانن، لەسەر حیسابی لاوازیی کوردە، ئەگەرنا هیچ کات ئەوەندە بەهێز نەبوون کە نکۆڵی لە دەستوور بکەن و نکۆڵی لە پێکەوەژیان و پەیمانەکانی دوێنێ بکەن. تەنانەت تەحەکوم لە شێوەی دابەشکردنی مووچەی خەڵکی ئەم وڵاتەش دەکەن، بۆیە بوونمان بەوشێوەیە هێزێکی دیکە دەداتەوە پێکەوەژیان.''
 
فازڵ میرانی ''بەخۆداچوونەوە''ـی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: ''دەبێت لە هۆکارە سەرەکییەکان بپرسین و بکۆڵینەوە، نەوەک ئەنجامەکان. ئەمە یەکێک لە کەموکوڕییەکانی ئێمە کە هەمووکات خۆمان سەرقاڵ دەکەین بە دەرئەنجامەکان و هۆیەکان لەبیر دەکەین.''
 
ئەو بەرپرسەی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو کە ''پارتی سوورە لەسەر ئەوەی بەخۆداچوونەوە بکرێت لە کوردستان و ئەوەی پێویستە بۆ یەکڕیزی، یەکهەڵوێستی، گەڕانەوەی هێزی کوردستانی بەگشتی و هێزی کوردی [بکرێت]، بەتایبەتی لە پەلەکردن لە دامەزراندنی و بەکارگرتنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی [هەرێمی] کوردستان، بۆ ئەوەی هەم هێزی خۆمان بگەڕێنینەوە [کەرکووک] وەک جاران، هەم بتوانین ئەوانەی نکۆڵییان کردووە لە هاوپەیمانی، بگەڕێنەوە بۆ سەر رێگە راستەکە.''
 
لە کۆتایی رێوڕەسمەکەشدا فازڵ میرانی لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''ئەگەر رێکنەکەون چی دەکەن.''
 
بارەگاکەی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەڕەکی عەرەفەی شارەکەیە.
 
 لەبارەی دواکەوتنی کاتی کردنەوەی بارەگای پارتی لە کەرکووک، دوێنێ هەینی، شۆخان حەسیب شوانی، ئەندامی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی بە روداوی راگەیاند، "بارەگاکەی پێشوو گونجاو نەبوو بۆ کاروچالاکییەکانی حیزبەکەمان، سەرەڕای ئەوەش بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، بارەگاکە پێشکێشی زانکۆی کەرکوک کرا، ئەوەش وەک دیارییەک بۆ قوتابیانی شارەکە. بۆیە دواتر هەوڵمان دا شوێنێکی دیکە بۆ کردنەوەی بارەگا بدۆزینەوە و ئەو کارەش کاتی زۆری پێویست بوو."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بژمێرێک لەکاتی کارکردن لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پلاندانان: عێراق هۆکاری دواکەوتنی شایستە دارایییەکانی بژمێرەکانە

ئەمڕۆ بژمێرەکانی سەرژمێری گردبوونەوە داوای دامەزراندن و شایستە دارییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2024یان کرد. وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ داواکاریی بژمێرەکان کردووە."