کاتی دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵی لە بارەی پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دیاریکرا

05-07-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن مووچە دادگای باڵای فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سێ پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، خوشکێکی سەرۆکی جوڵانەوەکە و پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە دژی پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەن، بڕیارە یەکەم رۆژی مانگی داهاتوو، دادگەکە لەبارەی ئەو پرسەوە کۆببێتەوە.
 
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە رۆژی سێشەممە، 1ـی مانگی ئابی داهاتوو دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی تایبەت بە بڕیاری لێبڕینی رێژەی 21٪ـی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی هەرێمی کوردستان کە ساڵانی پێشتر لەلایەن حکومەتی کوردستانەوە گیرایەبەر، کۆببێتەوە.
 
سکاڵاکە بەپێی سکاڵانامەکە ژمارە 123ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە و، لەلایەن سرووە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق، رووناک عەبدولواحید قادر (خوشکی شاسوار عەبدولواحید)، ڤیان عەبدولعەزیز و وەزیرە ئەحمەد ئیبراهیم، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراقەوە، تۆمار کراوە.
 
سکاڵاکاران داوایان لە دادگەی فیدراڵی کردووە، بڕیاری ژمارە 61ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەڵبوەشێنێتەوە، کە لە 21-6-2020 دەرچووە و، تایبەتە بە لێبڕینی رێژەی 21٪ـی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران و خانەنشینان و سەرجەم وەزارەت و دەستە و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان.
 
سکاڵاکارەکان، داوادەکەن لێکەوتەکانی ئەو بڕیارەش هەڵبووەشێتەوە؛ لەنێویاندا دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی بەگوتەی ئەوان، پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکان و دەستوور بڕاوە.
 
سەرچاوەیەکی باڵا لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەبارەی سکاڵاکەوە گوتی "هەرچۆنێک بێت، دەبێت پاشەکەوتی مووچە بگەڕێتەوە، چونکە ئەوە ستەمێکە لە مووچەخۆران کراوە، کە دۆخی دارایی حکومەت باشتر دەبێت و بودجە پەسندکرا و بەپێی یاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی تایبەتی دەبێت، دەبێت پارەکان بدرێتەوە".
 
بڕیاری ژمارە 61، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە دانیشتنی ژمارە 31ـی ساڵی 2020 درا، لە 4 خاڵ و 8 بڕگە پێکدێت، بەپێی بڕیارەکە رێژەی تەمویلکردنی پارە بۆ مووچە لە 100٪ـەوە بۆ 79٪ کەمکرایەوە، واتە رێژەی لێبڕینی مووچە کرایە 21٪. 
 
سەرچاوەکەی نەوەی نوێ گوتیشی "یەکێک لە سکاڵاکارەکان کە مامۆستایە، خوشکی شاسوار عەبدولواحیدە و لەو بڕیارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیانی بەرکەوتووە، بۆیە لە سکاڵانامەکەدا ناوی هاتووە".

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.