رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ئەفسەرێکی هێزەکانی کۆماندۆ لە شاری سلێمانی کوژرا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بکوژەکە دوای رووداوەکە دەستگیرکراوە و خوشکەزای کوژراوەکەیە.
راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان (لە سلێمانی)، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: "بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی مەرگی لەناكاوی پێشمەرگەی دڵسۆز و ئەفسەری فەرماندەییمان، توانا عەبدوڵڵا عەلی رادەگەیەنین كە بەكارەساتێكی دڵتەزێن گیانی سپارد".
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە هێزە ئەمنییەکان وەریگرتووە، ئەفسەرەکەی کۆماندۆ شەوی رابردوو کاژێر 10:30 لە گەڕەکی زەرگەتەی سلێمانی کوژراوە.
رووداو زانیویەتی، ئەوەی تۆمەتبارە بە کوشتنی توانا عەبدوڵڵا، خوشکەزایەکی کوژراو خۆیەتی؛ هەروەها رووداوەکە لە ئەنجامی "دەمەقاڵێیەک بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە روویداوە".
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، دوای رووداوەکە "بکوژەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و ئێستا لە زینداندایە".
فەرماندەیی کۆماندۆ لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "كاكە توانا ئەفسەرێكی گەنجی ئازا، بەتوانا، چالاك، چاونەترس و دڵسۆز بوو بۆ كارەكەی و جێگەی متمانەی هاوسەنگەرانی بوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ