رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی سلێمانی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ ئەندامێکیان بەشداریی کۆنفرانسی گۆڕانی گردەکەی نەکردووە.
ئەمڕۆ 5ی نیسانی 2025 ئامانج عەزیز، سەرۆکی لقی سلێمانی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هیچ ئەندامێکی لقی سلێمانی کۆمیسیۆن بەشداریی کۆنفرانسەکەی گۆڕانی گردەکەی نەکردووە، چونکە ئەو داواکارییەی کە گۆڕانی گردەکە بۆ بەستنی کۆنفرانس پێشکێشی کردبوو، تێیدا داوای کردبوو کە لە فەرمانگەی پارت و رێکخراوە سیاسییەکان ئەندامێک بەشداربێت، بەڵام ئەوانیش بەشدار نەبوون.
سەرۆکی لقی سلێمانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دەبێت هەردوو باڵەکەی گۆڕان (گردەکە و کوردسات) چاوەڕێ بکەن تاوەکو کۆمیسیۆن نووسراو دەردەکات بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی کۆنفرانس، کە بەگوێرەی نووسراوێک کە 4ی نیسانی 2025 لە کۆمیسیۆنەوە دەرچووە، داوا لە هەردوو باڵەکەی گۆڕان کراوە چاوەڕێ بکەن تاوەکو کۆمیسیۆن کات و شوێنی کۆنفرانس دیاری دەکات، دواتر کاتی کۆنفرانس دیاریبکەن.
هەر بەگوێرەی نووسراوەکە، نابێت کاتی بەستنی کۆنفرانس لە 10ی نیسان تێپەڕ بکات، ئەمەش بە گوتەی ئامانج عەزیز.
هەروەها سەرۆکی لقی سلێمانی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی پشووەوە بە فەرمی نووسراوەکە نەگەیشتووەتە نووسینگەی کۆمیسیۆن لە سلێمانی و ئاراستەی باڵەکانی گۆڕان نەکراوە.
بەم پێیە بێت، کە هیچ ئەندامێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەشداریی کۆنفرانسی ئەمڕۆی گۆڕانی گردەکەی نەکردووە بۆ چاودێریکردن، پێدەچێت کۆنفرانسەکە کێشەی یاسایی بۆ دروست ببێت، چونکە دەچێتە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی حیزبییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ