رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا پلانی نوێ بۆ رێگری لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی دادەڕێژێت و بەشێکی ئەوانەی وەڵامیان وەرنەگرتووەتەوە دیپۆرتیان دەکاتەوە. پارێزەرێکی کوردیش دەڵێت، ویستی زوو دەوڵەمەند بوون و ناردنەوەی پارە لە بەریتانیاوە پەناخوازە کوردەکان تووشی تاوان دەکات. ئەمەش وادەکات دیپۆرت بکرێنەوە.
رۆژی شەممە، 5ی نیسانی 2025، نزار وەیس، پارێزەر لە شاری لەندەنەوە سەبارەت بە دیپۆرتکردنی کۆچبەران بە گشتی و کوردەکان بە تایبەتی لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە بەشداری بووڵتەنی کاژێر 16:00ـی رووداوی کرد.
ئەو پارێزەرە گوتی، "بەرپرسانی بەریتانیا پێیانوایە خەڵکێکی زۆر هاتوونەتە وڵاتەکەیان و ئەمەش گوشاری لەسەر حکومەت و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری دروستکردووە. بەوهۆیەوە پارتەکان بۆ هاتنە سەر دەسەڵات ژمارەیەک رێکار دەگرنەبەر بۆ ئەوەی هاتنی کۆچبەری نایاسایی بنبڕ بکەن".
نزار وەیس دەشڵێت، "کۆنترۆڵکردنی هاتنەناوەوەی کۆچبەری نایاسایی ئەستەمە".
ئەو پارێزەرە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی بەریتانیا سەرنجی زیاتری لەسەر ئەوانەیە کە تاوانیان کردووە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە "کەس تاوانباری ناوێت"، بەڕێوەبردنی بەندیخانەکانی بەریتانیاش کە کۆمپانیاکان بەڕێوەیان دەبەن، خەرجییەکی زۆریان لەسەر حکومەت دروستکردووە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، پار 5.82 ملیار دۆلاریان لە کۆچبەران خەرج کردووە، کە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری لە پێرار زیاتر بووە.
نزار وەیس هۆکاری زیادبوونی ناردنەوەی پەناخوازە کوردەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "ئەوانەی پێشتر دەهاتن ئامانجیان دەستکەوتنی بژێوی رۆژانە بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەوانەی دێن دەیانەوێت بە خێرایی پارەیەکی زیاتر کۆبکەنەوە و پیشانی خەڵکی بدەن کە دەوڵەمەندن و بڕێکیش بنێرنەوە، ئەمە تووشی تاوانیان دەکات، بەو هۆیەوە ناردنەوەی پاناخوازە کوردەکان زیاد دەکات."
بە گوێرەی ئەو پەناخوازە کوردە، رێژەی کورد لەنێو دیپۆرتکراوان بەهۆی تاوانەوە بەراورد بە نەتەوەکانی دیکە کەمە.
رۆژی دووشەممە، 31ی ئاداری 2025، لە بەریتانیا بە بەشداریی شاندی 40 وڵات، لووتکەی ئاسایشی سنوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی دەستیپێکرد. لووتکەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و چەند وڵاتێک لەسەر ئاستی وەزیر بەشدارن و بەشێکیشیان لەنێویاندا عێراق، ئەمریکا، ئەڵمانیا و فەرەنسا نوێنەریان بۆ لووتکەکە ناردووە.
کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لووتکەکە لەبارەی کۆچبەران رایگەیاند، "ئەم بازرگانییە چەوتە کەلێنەکانی نێوان دامەزراوەکانمان دەقۆزێتەوە و سوود لەوە دەبینن کە لەسەر ئاستی سیاسیی (بۆ رێگری لێیان) یەکگرتوو نین". گوتیشی، بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە کۆچی نایاسایی بکەن پێویستە زانیاری هەواڵگری لەنێوان حکومەتەکاندا بەشبکرێت.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، لە تەممووزی رابردووەوە کە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، 24 هەزار پەناخوازیان ناردوونەتەوە، کە "هیچ مافێکیان" بۆ مانەوە لەو وڵاتەدا نەبووە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی حکومەتی بەریتانیا، ئەم ساڵ تاوەکو 29ـی ئادار شەش هەزار و 642 کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا، پار هەمان ماوە چوار هەزار و 644 کۆچبەر چووبوون. بە گوێرەی ئامارەکە، ئاداری ئەم ساڵ چوار هەزار و 556 کۆچبەر، شوبات 958 کۆچبەر و کانوونی دووەمیش هەزار و 89 کۆچبەر چوونەتە بەریتانیا.
کانوونی دووەمی پار، هەزار و 335 کۆچبەر، شوبات 920 کۆچبەر و ئاداریش دوو هەزار و 389 کۆچبەر چووبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ