رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، کە "لە حالەتی خنکان"ی هاونیشتمانییەک ئاگادار کراونەتەوە، کە ئەمڕۆ بەیانی کەوتووەتە ناو رووباری تەنکاتووری نزیک شانەدەر لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، تیمەکانیان سەرقاڵی گەڕانن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی.
رەوەند مەغدید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان کە کەسوکاریان بە ئێمەیان داوە، ئەو کەسەی کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە ئافرەتێکی تەمەن 27 ساڵە" و ناوی ئاڤێستا یوسفە.
رووداوەکە نزیک کاژێر 10:00ـی ئەم بەیانییە روویداوە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانی بەرگریی شارستانی سۆران بۆ رووداو، ئەو هاونیشتمانییە دانیشتووی شاری هەولێرەو بە مەبەستی گەشتوگوزار چووەتە ئەو ناوچەیە.
تیمەکانی فریاگوزاری لە بەشی پۆلیسی بەرگریی شارستانی قەزای مێرگەسۆر و چەند تیمێکی دیکەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران چوونەتە شوێنی رووداوەکە. تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، گەڕان بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ