رووداو دیجیتاڵ
تەمەنی تەنیا چوار ساڵە، نەخۆشی خەریکە بۆ هەمیشە دونیای روونی بەڕوودا تاریک دەکات و ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەکرێت چاوەکانی هەر لەو تەمەنە بچووکەوە لەدەستدەدات.
مەرام سەیفەدین، خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی شارۆچکەی دۆمیزە لە پارێزگای دهۆک، لە تەمەنی یەک ساڵییەوە هەردوو چاوی تووشی بەرزبوونەوەی پەستان بووە.
مەرام و خانەوادەکەی ئاوارەن و ماوەی حەوت ساڵە لە باشووری کوردستان دەژین، بە گوتەی دایکی، منداڵەکانی بەرگریی لەشیان کەمە، سێ منداڵی پێشتر گیانیان لەدەستداوە و مەرامیش ئێستا دۆخی لەوپەڕی خراپیدایە.
ئێستا مەرام کێشەی تۆڕی چاو و بیلبیلەی هەیە و ماوەی سێ ساڵە خەریکی چارەسەرن، پزیشکان لە دهۆک پێیان گوتوون، کە چارەسەری لە کوردستان نییە و پێویستە بنێردرێتە دەرەوەی وڵات.
د. دیار عەبدولقادر پزیشکی مەرام بە رووداوی راگەیاند، قەرنیەی هەردوو چاوی مەرام تەنکن و بەرگەی هیچ زەبرێک ناگرن، چاوی چەپی ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی دەستی برایەکی بەرکەوتووە تەقیوە، چاوی راستیشی ئێستا تووشی هەمان کێشە بووە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلەیە.
مەرام پێویستی بە چاندنی قەرنیەی چاوە کە ئەوەش ئێستا لە کوردستان نییە و لە دەرەوەی وڵات دەکرێت، خیزانەکەشی لە توانایاندا نییە بیبەنە دەرەوە.
هەروەها بەگوتەی پزیشکان چیدی ناتوانن لە کوردستان چارەسەری بۆ بکەن، ئەگەر بەپەلە بۆ چارەسەر نەبرێتە دەرەوەی وڵات، رەنگە دواتر لە دەرەوەی وڵاتیش نەتوانرێت هیچ چارەسەرێکی بۆ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ