رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە کۆکردنەوەی سیڤی کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستانەی لە کابینەی داهاتووی حکومەتدا بەریدەکەون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لەنێو ئۆرگانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کادیرانی حیزبەکە سیڤی دەنێرین بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستانەی لە کابینەی دەیەمدا پشکی حیزبەکەیان دەبێت.
رووداو زانیویەتی، پارتی لیژنەیەکی بۆ وەرگرتنی سیڤییەکان پێکهێناوە کە پشتیوان سادق وەکو "سەرۆکی کوتلەی وەزاریی زەرد" سەرۆکایەتیی دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، مەکتەبی رێکخستنی پارتی بە نووسراوێک داوای لە لق و ئۆرگانەکان کردووە، ناوی ئەو کەسانە بنێرن کە بەربژێریان دەکەن بۆ پەرلەمانی عێراق.
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
پێنجشەممە 17-04-2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کریستیانە هۆمان، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەت، هەردوولا "کۆک بوون لەسەر ئەوەی پێویستە کابینەیەکی بەهێز و یەکگرتوو لە نزیکترین کات و بەر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکبهێندرێت."
15-4-2025، لە بارەگاى مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان لە پیرمام، هەردوو شاندى دانوستانکارى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی هاوبەش، "لە کۆبوونەوەکەدا، کە لە کەشێکى دۆستانە و ئەرێنیدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى هەنگاوەکانى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت کرا و هەنگاوى ئیجابى و بەرەوپێشچوونى باش هەبوو. لە رۆژانى داهاتوودا کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی 10 بووە.
دانوستاندنەکە لە ئاستی باڵادا بوو، شاندی پارتی هەریەک لە هۆشیار زێباری، پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح. شاندی یەکێتی هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، رێواس فایەق، دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، نزار ئامێدی، شاڵاو سەڵاح شێخ شەرەف و ئامانج رەحیم بەشدار بوون.
پێشتر چەند گەڕێکی دانوستاندن لەنێوانیان بەڕێوەچووە و هەردوولا ئاماژە بەوە دەکەن، بەرەوپێشچوونی باش لە گفتوگۆکان هەیە.
سەرۆک مەسعود بارزانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە پێشانگەی کتێب لە هەولێر، داوای لە پارتی و یەکێتی کرد کە پەلە بکەن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ى تشرینى یەکەمی 2024 ئەنجامدرا. پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى 39 کورسی و یەکێتى بە 23 کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو.
لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ، هێشتا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ