رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە چوارشەممە 23-04-2025 دیداری یەکێتی بەڕێوەبچێت. لە دیدارەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ گۆڕانکاریی نێوخۆیی حیزبەکە دەدرێتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و سەرۆکی حیزبەکەش چەند گۆڕانکارییەک دەکات.
حاجی مەسیفی، سکرتێری ئەنجوومەنی پشتیوانیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دیدارەکە لە پەیڕەوی نێوخۆی حیزبدا هاتووە و لە سلێمانی بەڕێودەچێت، "کۆمەڵێک راسپاردە (گۆڕانکاری) دەنێردرێن بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆئەوەی دەنگیان لەسەر بدرێت و پەسند بکرێن."
ژمارەی مەڵبەند و کۆمیتەکان کەم دەکرێنەوە
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی، دەسەڵاتی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی "سنووردار" دراوە بە دیدارەکە، کە وەکو پێشنیاز دەدرێتە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
رووداو لە سەرچاوەیەکی باڵای نێو یەکێتییەوە زانیویەتی، ژمارەی مەڵبەندەکان کەم دەکرێنەوە، بە جۆرێک تەنیا لە ناوەندی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان مەڵبەند دەمێنێت، واتە 9 مەڵبەند دەمێننەوە لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، نەینەوا، هەڵەبجە، کەرکووک و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین، زاخۆ و گەرمیان.
بەو پێیە، ئەو مەڵبەندانەی لە قەزاکانن، نامێنن، کە دیارترینیان مەڵبەندی شنگال، چەمچەماڵ، خانەقین، کۆیە، شارەزوور و چەند مەڵبەندێکی دیکەن.
ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 180 کۆمیتەی هەیە، کە ئۆرگانێکی بچووکترە و پەیوەستە بە مەڵبەندەکانەوە؛ ئەوانیش کەم دەکرێنەوە بۆ نزیکەی 100 کۆمیتە.
4000 ئەندام بەشداری دەکەن
لیژنەیەک بۆ بەڕێوەچوونی دیدارەکە دروستکراوە و ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە. رووداو زانیویەتی لە دیدارەکەدا 4000 کەس بەشداری دەکەن کە لەم ئاستانەدا دەبن: کادیرەکان، ئەندامانی مەکتەبەکان، ئەندامانی سکرتاریەتەکان، تێکۆشەرە دێرینەکان، ئەندامانی سەرکردایەتی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، جێگر و سەرۆک.
چاوەڕوان دەکرێت لە هەیکەلی حیزبدا، گۆڕانکاری لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیدا بکرێت. پەیڕەوی نێوخۆی یەکێتی دەسەڵاتی داوە بە سەرۆک کە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی بەشێوەیەکی سنووردار زیاد بکات، هەروەها دەسەڵاتی داڕشتنەوەی هەیکەلی رێکخراوەیی و گۆڕانکاریی هەیە.
جگە لە گۆڕانکارییەکان، لە دیدارەکەدا چەندین گفتوگۆ و راوێژ لەبارەی کارە حیزبییەکان دەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ