فێستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک نووسەر و ئەدیبانی هەر چوار پارچەی کوردستان و خۆراسانیش کۆدەکاتەوە

24-09-2023
حەیدەر دۆسکی
فێستیڤاڵی رۆشنبیری لە دهۆک
فێستیڤاڵی رۆشنبیری لە دهۆک
نیشانەکردن دهۆک فێستیڤاڵ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

عەلی رەزا سپاهی، رۆشنبیر و نووسەرێکی دیاری خۆراسانە، بۆ یەکەمین جارە دێتە هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک، عەلی هاتنی خۆی وەکو غەریبێکی خۆشەویست، بۆ بینینی خۆشەویستەکانی ناودەبات. 
 
عەلی رەزا سپاهی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەکو ئەڤیندارێک کە 450 ساڵە لە خۆشەویستەکەی دوورکەوتووەتەوە، دۆخی ئێمە لە خۆراسان ئاوایە. نزیکەی 400 ساڵە ئێمە لە کوردستان دوورکەوتووینەتەوە، لە هۆنراوەی کوردی، لە میوزیک و جلوبەرگ، لە هەموو رێورەسمێکی ئایینی و کوردی، ئێمە توانیومانە بە بانگهێشتکردن، کاریگەری لەسەر خۆراسانییەکان و وڵاتانی دراوسێ دابنێین."
 
لە شەشەمین فێستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک، زیاتر لە 120 رۆشنبیر و نووسەر لە باکوور، رۆژهەڵات، رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان، خۆراسان و باشووری عێراق بەشدارن. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵەکە، گرنگیدانە بە زمانی کوردی. 
 
ساڵح حەیدۆ، نووسەرێکی دیاری رۆژئاوای کوردستانە، دەڵێت، پێویستە لە ناوەندەکانی خوێندنی کوردی، کتێبەکان بە کوردی چاپبکرێن بۆ گەلەکەمان، پێویستە بگەڕێینەوە سەر زمانی خۆمان، چونکە دوورکەوتووینەتەوە، ئەمڕۆ زۆر گرنگە، لەوانەش گرنگتر، یەکگرتووییە لە زاراوە و پیتی کوردی، بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانێکی ستاندارد." 
 
فێستیڤاڵەکە دوو رۆژ بەردەوام دەبێت، رۆشنبیران و نووسەرانی هەرچوار پارچە هزر و بۆچوونیان لە رۆژانی فێستیڤاڵەکە ئاڵوگۆڕ دەکەن.
 
حەسەن سلێڤانەیی، سەرۆکی یەکێتیی نوسەران/ لقی دهۆک، دەڵێت، "زمان بناخەیە بۆ ئەدەبی کوردی و ئێمە هەردەم بە گرنگییەوە سەیری زمان دەکەین، ئەم فێستیڤاڵەش و بینینی ئەو نووسەرانە، وردە وردە وادەکات ئەدەبی کوردی زیاتر فراوان ببێت." 
 
لە فێستیڤاڵی رۆشنبیریی دهۆک، 15 پانێڵ لە چوارچێوەی زمان و ئەدەبی کوردی و 20 شاعیریش بەرهەمەکانیان پێشکێش دەکەن. 

 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە