دواکەوتنی مووچە دەفتەری دووکاندارانی دهۆکی پڕکردووە لە ناوی قەرزداران

10-09-2023
حەیدەر دۆسکی
کاریگەریی نەهاتنی مووچە لەسەر خەڵکی دهۆک
کاریگەریی نەهاتنی مووچە لەسەر خەڵکی دهۆک
نیشانەکردن دهۆک مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەهاتنی مووچە کاریگەریی لەسەر بازاڕ دروستکردووە؛ لەنێو بازاڕی دهۆک دەفتەری قەرزی دووکانداران و سەموونفرۆشان پڕبوون، دووکان هەیە پڕ بە سێ دەفتەر لیستی ناوی قەرزدارەکانی نووسیوە و سەموونفرۆشێکیش دەڵێت؛ خەڵک ئەگەر جاران بایی هەزار دینار سەموونی کڕیبووایە، ئێستا بای 500 دینار دەکڕێت.
 
ئەزوەر لەبەردەم باڵکۆنی ئەو شوقەیە وەستاوە کە ئەو و پێنج ئەندامی خێزانەکەی تێیدا دەژین. ئەزوەر پێشمەرگەیە و شوقەیەکی تۆمارکردووە، بەڵام ناتوانێت بچێتە نێوییەوە، چونکە ناتوانێت قیستەکانی بداتەوە بۆیە رەوشی ژیانی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، نە دەتوانێت کرێکەی بدات، نە قیستەکانی.
 
ئەزوەر سلێمان دەڵێ  لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە پێی گوتراوە "ئەگەر سێ دەفتەر دۆلار (30 هەزار دۆلار) نەهێنی  ناچییە نێوییەوە. پێم ناکرێت قیستی خۆم بدەمەوە، ئەگەر لەسەریان سووککردبوواین، دەمانتوانی بیدەینەوە؛ کۆمپانیا بێمنەتە و هەژاریش دەبێت چاوەڕێی مووچە بێت، مووچەی پێشمەرگایەتیش لە چی خەرج بکەین؟ کرێ؟ کارەبا؟" 
 
زیاتر لە دوو مانگە مووچە دابەش نەکراوە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵکی دهۆک دروست کردووە، کە هەژارترین پارێزگای هەرێمی کوردستانە، بەجۆرێک رەوشەکە وایلێهاتووە، بەشێکی هاونیشتمانییان نان بە قەرز دەکڕن.
 
شڤان محەممەد، سەموونفرۆشە لە دهۆک، دەڵێ راستە خەڵک نان و سەموون بە قەرز دەکڕێت، "ئێمە لیستمان هەیە و ناومان هەن، پۆلیس هەن، گوتوویانە هەتا مووچە دێت، ماڵی دیکەش هەن و هەژارن، دەڵێن 'سەموونمان بدەیە، هەتاوەکو پارە دێتە دەستمان.' ئێمە پێیاندەدەین، هێنایان، هێنایان، نەیانهێنا، هیچ ناڵێین لەبەر ئەو رەوشە." باسی ئەوەش دەکات جگە لەوانەی بە قەرز سەموون دەکڕن، ئێستا ئەو خەڵکەی "بای هەزار دینار سەموونی دەبرد، کردوویەتییە بای 500 دینار."  
 
نەوەک تەنیا سەموونخانەکان، رەوشی مارکێتەکانی نێو کۆڵانەکانی دهۆکیش لەوە باشتر نییە، دووکاندارێکی دیکە باسی ئەوانە دەکات کە کاڵایان لە دووکانەکەی بە قەرز بردووە و دەڵێ، خەڵک هەیە 10 هەزار دینار قەرزدارە، هەشە هەتاوەکو یەک ملیۆن دینار قەرزدارە.
 
دووکاندارێکی گەڕەکی ماڵتا لە دهۆک کە ناوی لاوین بەروارییە، سێ دەفتەری تایبەتی بە لیستی قەرزدارەکانی هەیە و دەڵێ ئەوەی ئێستا دەکڕدرێت، بە قەرز دەیکڕن، ئەگەر پارە نەیەت، دووکانیش دادەخرێن.
 
لاوین بەرواری دەڵێ "رێژەی قەرزکردن 70٪ـیە، ئەگەر زیاتریش نەبێت، هەندێک کەس هەن، هەموو شتێک بە قەرز دەکڕن. بەخوا ناتوانین لە دووکانی خۆمان کاربکەین، چونکە ئەگەر بچینە کۆمپانیاکانیش، ئەوان (کەرەستە) بە قەرز بە ئێمە نادەن."
 
بەپێی ئەو بەدواداچوونەی تۆڕی میدیایی رووداو کردوویەتی، توانای کڕین لەلایەن خەڵکی شاری دهۆک زۆر کەمبووەتەوە، رێژەی بێکاری و هەژاریش بەرزبوونەتەوە، لەبەرامبەردا نزیکەی 50٪ـی داهاتی هەرێمی کوردستان لەو پارێزگایەوە بەردەست دەبێت.
 
 
  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە