رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی کۆنگۆ رایدەگەیێنێت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو یەکەم ژەمی ڤاکسینی دژ بە نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وڵاتی کۆنگۆ دابیندەکرێت.
وەزارەتی تەندروستیی کۆنگۆ ئاماژە بەوەدەکات، تووشبوون بە 'ئاوڵەی مەیموون' بەردەوام لە زیادبوونە، بەمەبەستی پێشگیریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم نەخۆشییە وڵاتەکە پێویستی بە زیاتر لە سێ ملیۆن ژەمی ڤاکسین هەیە، هەر یەکە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ژاپۆن ئامادەییان دەڕبڕیوە بۆ دابینکردن و ناردنی ڤاکسین.
وەزارەتی تەندروستیی ئەم وڵاتە دەریدەخات، بە پێچەوانەی بڵاوبوونەوەکانی پێشووی 'ئاوڵەی مەیموون' کە پەڵەکان زیاتر لەسەر سینگ و دەست و پێیەکان دەبیندرا، لەم گۆڕاوە نوێیەدا پەڵە و برین لەسەر ئەندامی زاوزێش دروستدەبن، رەنگە تووشبووێک چەند کەسێکی دیکە نەخۆش بخات بەبێ ئەوەی بزانێت تووشبووە.
بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، لەمساڵدا زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی 'ئاوڵەی مەیموون' تۆمارکراون و زیاتر لە 500 تووشبوو گیانیانلەدەستداوە، لەم ژمارانەدا 96٪ـی تووشبوون و گیانلەدەستدان لە وڵاتی کۆنگۆی دیموکرات تۆمارکراون.
بەپێی ئەم رێکخراوە، 'ئاوڵەی مەیموون' لە هەوادا ناگوازرێتەوە و بە شێوەیەکی گشتی پێویستی بە بەرکەوتنی نزیک و راستەوخۆ هەیە بۆ بڵاوبوونەوەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ