رووداو - تەندروستی
تەندروستیی تایلاند یەکەم تووشبووی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموونی راگەیاند و تووشبووەکە لە ئەفریقاوە گەڕاوەتەوە وڵاتەکە.
رۆژی چوارشەممە 21ـی ئابی 2024 تەندروستیی تایلاند یەکەم تووشبووی نەخۆشیی ئاوڵەی مەیموون ''mpox''ـی راگەیاند و سەرۆکی CDC لە وڵاتەکە دەڵێت: ئەو کەسە تەمەنی 66 ساڵە و گەشتی بۆ وڵاتێکی ئەفریقا کردووە، تەنانەت دەشڵێت: ''ئێستا ئەو کوارەنتین کراوە''.
تۆنگچای کیراتیهاتتایاکۆرن، سەرۆکی CDC لە تایلاند گوتی، تاوەکو ئێستا پشتڕاستنەکراوەتەوە کە ئەو تووشبووە گۆڕاوە نوێیەکەی ئاوڵەی مەیموونی هەیە، گوتیشی، گۆڕاوە نوێیەکە خێرا بڵاودەبێتەوە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 18 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' لە کۆنگۆ تۆمارکراون و لانیکەم 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160% رێژەکان زیادیان کردووە.
تاوەکو ئێستا نەخۆشییەکە لە 12 وڵاتی ئەفریقا بەچڕی بڵاوبووەتەوە و زۆرترین تووشبووش لە کۆماری کۆنگۆیە، هەروەها لە هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، سوێد، فلیپین و تایلاند تووشبوو تۆمارکراون.
نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاواز دەبێت و نامێنێت.
رێگەکانی گواستنەوەی ''ئاوڵەی مەیموون''
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو
نیشانە و لێکەوتەکانی ''ئاوڵەی مەیموون''
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک
- ژەهراویبوونی خوێن
رێگەکانی پێشگیری لە ''ئاوڵەی مەیموون''
- وەرگرتنی ڤاکسین
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- سێکسی تەندروست
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ