پرۆتینێک دەتوانێت چارەسەری کەچەڵی بکات

07-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئێستا زانست هەنگاوێکی دیکە لە چارەسەرکردن و بنبڕکردنی لەدەستدانی قژ و کەچەڵ بوون نزیکترە. ئەمەش بۆ ملیۆنان کەس هیوایەکە کە بەدەست کەچەڵییەوە بێزار بوون. چارەسەرەکەش پڕۆتینێکە کە لە تاقیگە دا پەرەی پێدەدرێت.
 
پەیمانگەی واڵتەر ئاند ئێلیزا هۆڵ لە ئوسترالیا و پەیمانگەی پزیشکیی دیوک نەس لە سەنگاپوورە توێژینەوەیەکی نوێیان کردووە. توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەو خانانەی سەر کە لە گەشەی قژ بەرپرسیارن و پێیاندەگوترێت (HFSG) پێویستییان بە پڕۆتینێکە بۆ ئەوەی خۆراکی قژ دابین بکەن و نەمرن. ئەو پڕۆتینە پێیدەگوترێت MCL-1.
 
ئەو پڕۆتینە لێناگەڕێت خانەی قژ بمرێت، کاتێک کەسێک تووشی دڵەڕاوکێ [سترێس]ـی زۆر دەبێت، تەمەنی زیاد دەکات، لە جیناتەوە قژی کەمە، یان دەرمانی شێرپەنجە وەردەگرێت، ئەو پڕۆتینە کەم دەکات و وردە وردە خانەکانی قژ دەمرن، بەمجۆرە ئەو کەسە کەچەڵ دەبێت.
 
توێژەرانی دوو وڵاتەکە گوتیان: "ئەم توێژینەوەیە یارمەتیمان دەدات باشتر لەوە تێبگەین چۆن کۆنترۆڵی لەدەستدانی خانەکان بکەین. ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر مانەوەی خانەکان و چاکبوونەوەی شانەکان بکات، تەنانەت لەوانەیە سوودی بۆ شێرپەنجەش هەبێت."
 
خانەکانی HFSG وەکو تیمێک کرێکاری بیناسازی وان کە قژ لەسەر پێست بنیات دەنێن و دروستی دەکەن. لەکاتی دروستکردن، تیمێکی دیکە دێن کە سترێس و تەمەنە، لە رووخاندن بەرپرسیارن و ئەوەی دروستکراوە خاپووری دەکەن، کرێکارەکانیش لەبەر ماندووێتی ناتوانن دووبارە دروستی بکەنەوە. ئەوەی کە لەو نێوەندە پێویستە هەبێت، پڕۆتینی ئێم سی ئێڵ وەنە کە وەکو پاسەوان کار دەکات و رێگە لە تیمی رووخان دەگرێت.
 
توێژەران تاقیکردنەوەیان لەسەر مشک کرد، مووی بەشێکی جەستەی مشکەکانیان لابرد و پڕۆتینی MCL-1ـیان لەسەر راگرت. هەرچەندە خانەکانی HFSG زیندوو مانەوە، بەڵام ماندووبوون، لە ئەنجامدا مووەکان نەڕوان و مشکەکانیش مرداربوون.
 
پڕۆتینی ئێم سی ئێڵ وەن پڕۆتینێک نییە لە خواردن دەستبکەوێت، بەڵکو لە تاقیگە دروستدەکرێت و پەرەی پێدەدرێت. لێکۆڵینەوە لەو پڕۆتینە بۆ شێرپەنجە، قژ هەڵوەرین و زیندوو راگرتنی خانە دەکرێت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە