رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، هیچ تووشبوویەکی ئاوڵەی مەیموون لە عێراق تۆمارنەکراوە و ئەو دەنگۆیانەشی باس لە تۆمارکردنی تووشبوویەک لە یەکێک لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا دەکەن، رەتدەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، د.سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە پەیامێکی دەنگیدا، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بەتەواوەتی ئەو هەواڵانە رەتدەکەمەوە کە باس لە تۆمارکردنی تووشبوو بە ئاوڵەی مەیموون دەکەن، تاوەکو ئەم ساتە هیچ تووشبوویەکمان بەو نەخۆشییە لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە تۆمارنەکردووە."
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رەخنە لە بەشێک لە دەزگاکانی راگەیاندن دەگرێت و دەڵێت: "بەداخەوە بەشێک لە پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا و دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکاران کە هەندێکیان دیاریشن هەواڵ و بەپەلەی وا بڵاودەکەنەوە هیچ بنچینەیەکی راستی تێدانییە، ئەمەش شڵەژان و ترس لەکۆمەڵگە بڵاودەکاتەوە."
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا ئەمە دووەمجارە هەواڵی تۆمارکردنی تووشبووی ئاوڵەی مەیموون لە بەشێک لە میدیاکانی عێراق بڵاودەکرێتەوە، دوای ئەوەی دوێنێ وا بڵاوکرایەوە کە زیارەتکارێکی بەنگلادیشی لە زیقار وەکو تووشبووی ئاوڵەی مەیموون تۆمار کراوە، بەڵام تەندروستیی زیقار هەواڵەکەی رەتکردەوە.
د.سەیف بەدر ئاماژەی بەوەداوە ، ئەگەر هەر هەواڵێک لەوبارەیەوە هەبێت و هەر تووشبوویەک تۆماربکرێت، ئەوان بە شەفافی و بەفەرمی رایدەگەیێنن و راستەوخۆ دەزگاکانی راگەیاندن ئاگادار دەکەنەوە.
بەگوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160% رێژەکان زیادیان کردووە.
تاوەکو ئێستا نەخۆشییەکە لە 12 وڵاتی ئەفریقا بەچڕی بڵاوبووەتەوە و زۆرترین تووشبووش لە کۆماری کۆنگۆیە، هەروەها لە هەریەک لە وڵاتانی پاکستان، سوێد و فلیپین تووشبوو تۆمارکراون.
نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاواز دەبێت و نامێنێت.
رێگەکانی گواستنەوەی ''ئاوڵەی مەیموون''
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو
نیشانە و لێکەوتەکانی ''ئاوڵەی مەیموون''
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک
- ژەهراویبوونی خوێن
رێگەکانی پێشگیری لە ''ئاوڵەی مەیموون''
- وەرگرتنی ڤاکسین
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- سێکسی تەندروست
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ