رووداو - تەندروستی
لە هەرێمی کوردستان هیچ پشکنینێکی نیشتمانیی پێشوەختە بۆ منداڵی تازەلەدایکبوو نییە و بەپێی ئەو بەدواداچوونەی رووداو کردوویەتی، لە عێراق سێ پشکنینی سەرەکی هەن، پسپۆڕێکیش دەڵێت: نەبوونی ئەو پشکنینانە، کۆرپەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 7-4-2025 هاوتا لەگەڵ رۆژی جیهانیی تەندروستی، د. عامر عەبدوڵڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن و ئەندامی سەرەکیی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی پشکنینی پێشوەختەی منداڵانی تازەلەدایکبووە لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی، لە کوردستان هیچ هەنگاوێک بۆ دانانی پشکنینی رۆتینیی کۆرپە نەنراوە و لە ساڵی 2013ـەوە لە عێراق سێ پشکنین دەکرێن.
د. عامر عەبدوڵڵا دەڵێت: پشکنینی کۆرپە بۆ ئەوە دەکرێت تاوەکو زوو دەستنیشانی ناڕێکییەکە بکرێت بۆ ئەوەی چارەسەری ئاسانبێت و نەگاتە ئەو حاڵەتەی کە چارەسەر ئەستەم بێت لە تەمەنی گەورەبووندا، بەڵام ئێستا دەبێت خەڵک لە هۆشیاریی خۆی بچێتە تاقیگە تایبەتییەکان ئەو پشکنیانە بۆ کۆرپەکەی بکات.
د. عامر عەبدوڵڵا وەکو ئەندامی سەرەکیی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی پشکنینی پێشوەختەی منداڵانی تازەلەدایکبووە گوتی، 80 پشکنینی سەرەکیی هەن کە نەخۆشییە سکماکییەکان و بۆماوەییەکان دەستنیشاندەکەن و لە تاقیگەکان دەکرێن، بەڵام خەڵک نایکەن.
هەر بۆیە حەوت پشکنینی سەرەتاییان داناوە کە پێشنیازدەکەن بۆ منداڵە تازەلەدایکبووەکان بکرێن و پشتیان پێدەبەسترێت کە بکرێنە بەرنامەیەکی نیشتمانیی رۆتینی.
ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی پشکنینی پێشوەختەی منداڵانی تازەلەدایکبووە گوتی، ئەگەر پشکنینی پێشوەختە بۆ کۆرپەلە بکرێت، ئەوا دەکرێت رێگری بکرێت لە نەخۆشییە گوازراوەکان و نەخۆشیی درێژخایەنە کوشندەکان وەکو تالاسیمیا.
پشکنینە سەرەکییە رۆتینییەکان بۆ منداڵانی تازەلەدایکبوو
پشکنینی غودە
پشکنینی کیتۆنی نێو میز
پشکنینی ئەنزیمی تێکشکانی شەکری گالاکتۆز
پشکنینی ئەنزیمی بایۆتین
پشکنینی بەڕیشاڵبوونی چیکڵدانەیی
پشکنینی نەخۆشییە سکماکییەکانی رژێنی ئەدریناڵ
پشکنینی نەخۆشیی گەنم
لە عێراق تەنیا پشکنینی پشکنینی غودە، پشکنینەکانی کیتۆنی نێو میز و پشکنینی ئەنزیمی تێکشکانی شەکری گالاکتۆز دەکرێن وەکو رۆتینی بۆ کۆرپە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ