رووداو دیجیتاڵ
شیرینیی کوردەواری بۆ یەکەمین جار لە مێژووی بازاڕی فێستیڤاڵی بەرلینالە پێشکەش بە سەردانیکاران دەکرێت و ناوی کوردستان و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی سلێمانی، لەسەر دیواری خانەیەکی تایبەت نمایشکراون.
خانەی کوردستان فیلم ئۆفیس سلێمانی، تایبەتە بە یەکەم کۆمیسیۆنی فیلمی کوردی لە مێژووی 74 ساڵەی فێستیڤاڵی بەرلینالە. باڤێ یاسین، دامەزرێنەری کۆمیسیۆنەکەیە، خەڵکی سلێمانییە و لە بەلجیکا دەژی. ئەو، زیاتر لە 10 ساڵە لەنێو جیهانی بەرهەمهێنانی سینەمایی کاردەکات.
یەکێک لە ئامانجەکانی باڤێ لە دامەزراندنی ئەم کۆمیسیۆنە؛ راکێشانی سەرنجی سینەماکارانی جیهان بووە بۆ جوگرافیا و کەشوهەوای کوردستان.
باڤێ یاسین، دامەزرێنەری کوردستان فیلم ئۆفیس سلێمانی دەڵێ "ئامانجی فیلم کۆمیشن ئەوەیە؛ هەموو ئەو بەهرانەی لەنێوخۆدا هەن، بیانهێنێتە دەرەوە و پشتگیرییان بکات، ئەمە یەکەم بەشیەتی. دووەم بەشی ئەوەیە؛ خەڵکی دەرەوە بهێنێت بۆ نێوخۆ کە بە هەموو کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرەوەی وڵات بڵێ؛ ئێمە هەین و کراوەین بۆ کاری بازرگانی."
سەلیم خەسا، دەرهێنەرێکی بە رەچەڵەک جەزائیرییە و لە ئەمریکا دەژی. لەگەڵ سینای دەرهێنەری کورد لەنێو خانەی کوردستان فیلم ئۆفیس سلێمانی گفتوگۆی دەرهێنانی فیلمێک دەکات لەبارەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، لەدوای بینینی وێنەی هەورامان، بیری لەوە کردووەتەوە بەشێکی فیلمەکەی لەوێ وێنە بگرێت.
سەلیم ـی دەرهێنەر بە رووداوی گوت "ئێستا ئێمە لە خانەی کوردیین، کۆبوونەوەیەکی باشمان لەگەڵ سەرۆکی کۆمیسیۆنی کوردی هەبوو و، چاوەڕێی ئەوەین لە داهاتوودا کاری هاوبەش بکەین."
بازاڕی فیلمی بەرلینالە سێیەم گەورەترین بازاڕی فیلمە لە ئەوروپا و بە خاڵی کۆکەرەوە هەموو ئەوانە دادەنرێت، کە لە پیشەسازیی بەرهەمهێنانی فیلم لە جیهان کاردەکەن. لە هەشت ساڵی رابردوودا بە نزیکەیی 10 هەزار کۆمپانیای فرۆشتن و بەرهەمهێنان، کۆمسیۆن و نوێنەراییەتییەکان خانەی تایبەتیان هەبووە لە بازاڕەکەدا.
لە رۆژی 15ـی شوباتی 2024ـەوە بازاڕی فیلمی بەرلینالە کراوەتەوە و تاوەکو 21ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ