رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی سەرەتای ڤیدیۆکە دەیبینن، ئاهەنگێکە بۆ کۆبوونەوە و یەکدی ناسین و گفتوگۆکردن بۆ کاری هاوبەش لە پەراوێزی فێستیڤاڵی بەرلینالە و ئامادەبووان لەژێر چەتری کوردستان فیلم ئۆفیس سلێمانی کۆبوونەتەوە.
سامان فیلمسازێکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، کورتەفیلمێکی بەرهەمهێناوە بەناوی جانتا کە لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو خەڵاتی دووەمی بەشی کورتەفیلمی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە وەرگرت و ئێستاش لە بەرلینالە لە بەشی بەهرەمەندەکان وەرگیراوە.
سامان حوسێنپوور بە رووداوی راگەیاند، "گەورەترین شت ئەوەیە کە سینەمای کوردی بناسێنین، ئەم جێگەیە یانی ئەم خانەیە دەتوانێ ئەم کارە بکات، ئێمەش وەکو فیلمساز هاوکار دەبین تا کارەکە گەورەتربێت. زۆر کەس ئێستا کورد دەناسن، من لەگەڵ هاوڕێکانم لێرە لە بەشی بەهرەمەندەکانی بەرلینالە قسەدەکەم، کە دەڵێم فیلمسازێکی کوردم، دەڵێن کوردەکان و سینەمای کوردی دەناسین."
هەڵکەوتی دەرهێنەر لە نەرویجەوە چووە بەدەم بانگهێشتی کوردستان فیلم ئۆفیس سلێمانی، ئەو پێی وایە ئەم هەنگاوە تازەیە گرنگە و دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ باشتربوونی سینەمای کوردی و سوودمەندبوونی بەهرەمەندە نێوخۆییەکان.
هەڵکەوت مستەفا ئاماژەی بەوە کرد، "بۆ ئێمەی کورد کە بە هەزاران چیرۆکی نەگێڕاوەمان هەیە، کۆکردنەوەی ئەم بەهرانە لێرە و دیداری کوردی و ناساندنی کولتووری کوردی بۆ ئەوەی بتوانرێت پڕۆژەی هاوبەش دروستبکرێت، زۆر گرنگە."
لەوەش گرنگتر، وەکو هەڵکەوت باسی کرد، "ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خۆی ئامادەیی هەبێت لەو شوێنانە، حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان بتوانێت دیدگایەک دابڕێژێت کە ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی هونەر و سینەماوە چ دیدگایەک و چیرۆکی خۆمان چۆن بگێڕینەوە."
ئەوانەی لەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربوون، ژمارەیان نزیکەی 50 کەس دەبوو، نزیکەی 20 فیلمسازیان کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان و میوانەکانی دیکە خەڵکی فەرەنسی و ئەڵمانی و زۆربەی وڵاتانی دیکە بوون.
نوورا رۆلکێ، دەرهێنەی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەکرد، "پێم وایە ئەوە دەرفەتێکی سەرسوڕهێنەرە کە ئەم شەو ئاهەنگ دەگێڕین بە بۆنەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردی، هەر جارێک کە لە کوردستان وێنەی فیلممان گرتووە، بینیومە کە خەڵکەکەی چەند جوانن و هاوکار و پڕ خۆشەویستین، زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، زۆر حەزدەکەم هانی خەڵک بدەم تا فیلمەکانیان لە هەرێمی کوردستان وێنە بگرن."
باڤێ لە ماوەی هەشت رۆژی فێستیڤاڵی بەرلینالە بە چڕی کار دەکات بۆ گەیشتن بە رێکەوتن لەگەڵ چەندین کۆمپانیای جیهانی و فیلمسازی وڵاتانی پێشکەوتوو تاوەکو کار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن. چەند کۆمپانیایەکی گەورە و بەنێوبانگیش ئێستا لە قۆناخی گفتوگۆ و رێککەوتنن.
باڤێ یاسین، دامەزرێنەری کوردستان فیلم ئۆفیس سلێمانی باسی ئەوەی کرد، ئەو کۆمسیۆنی فیلمە بۆ هەموو کوردستانە، "یانی بۆ هەموو کوردستانە لە رووی ئەوەی کە هەموو فێستیڤاڵەکانی فیلم هەموو بەرهەمهێنەرەکانی فیلم هەموو بەهرەمەندەکانی ناو کوردستان لەڕێگەی ئەم کۆمسیۆنی فیلمەوە بەپێی ئیشی خۆمان یارمەتییان دەدەین بۆ ئەوەی بێنە دەرەوە و زیاتر بناسرێن."
ئەم بازاڕی فیلمە لەسەر ئاستی ئەوروپا لەدوای کان گەورەترینە کە ساڵی رابردوو 12 هەزار کەس لە 132 وڵاتەوە سەردانیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ