رووداو دیجیتاڵ
فیلمی ئانۆرا بە بردنەوەی 5 خەڵاتی ئۆسکار، درەوشاوەترین فیلمی 97ـەمین گەڕی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار بوو.
فیلمەکە باسی چیرۆکی لەشفرۆشیکی نیویۆرک دەکات کە دەکەوێتە داوی کوڕی سیاسەتمەدارێکی رووسی.
مایکی مادیسن بەهۆی رۆڵەکەی لەو فیلەمەدا, خەڵاتی باشترین خانمە ئەکتەری وەرگرت.
لەسەر سەکۆی هۆڵەکە و لەدوای وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسکار، مایکی مادیسن گوتی "من، لە لۆس ئەنجلس گەورە بووم، بەڵام هەمیشە هەستم دەکرد هۆڵیوود زۆر دوورە لە من، بۆیە ئێستا کە لێرە وەستاوم و لەم هۆڵەدام، شتێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە."
شۆن بەیکەر، دەرهێنەری ئانۆرا، خەڵاتەکانی باشترین دەرهێنەر، باشترین سیناریۆی رەسەن و باشترین مۆنتاژیشی بۆ فیلمەکە بەدەستهێنا.
ئەدریان برۆدی، لە بەرامبەر ئەو ئاستەی لە فیلمی The Brutalistـدا نواندوویەتی، خەڵاتی ئۆسکاری باشترین ئەکتەری پیاوی بردەوە. ئەمە دووەم ئۆسکار بوو لە ژیانیدا بیباتەوە.
ئەدریان برۆدی لەسەر ستەیج سوپاسی هاوژینەکەی کرد، گوتی "ئەمە (خەڵاتی ئۆسکار) لەگەڵ جۆرجینا، هاوژینە ناوازەکەم هاوبەش دەکەم، کە وایکردووە هەست بە سەنگ و بەهای خۆم بکەم."
ئەنیمەیشنی ئێرانی، "لە ژێر سێبەری سنەوبەردا" کە لە لایەن حوسەین مولائیمی و شیرین سۆهانی کاری دەرهێنانی بۆ کراوە، خەڵاتی باشترین کورتە ئەنیمەیشنی بەدەستهێنا. کورتە ئەنیمەیشنەکە باسی سەختییەکانی ژیانی باوکێکی تووشبووی نەخۆشیی دەروونی و کچەکەی دەگێڕێتەوە.
فیلمی بەرازیلی، "I'm Still Here - من هێشتا لێرەم" خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی بردەوە و بووە یەکەمین خەڵاتی ئۆسکار لە مێژوودا بە بەرهەمێکی بەرازیلی بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ