دەتەوێت تەمەن درێژ بیت؟ شێوازی ژیانت بڕیاردەدات نەوەک جینەکانت

23-03-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت پێشبینی کاتی مردنی بکات، بەڵام ئەگەر دەتەوێت تەمەنێکی درێژ و ژیانێکی تەندروستت هەبێت، زۆر خەم لە بۆماوە و جینەکانت مەخۆ، کە هەر چۆنێک بێت، هیچت لە بەرامبەریان لەدەست نایەت و ناتوانیت بیانگۆڕیت.
 
 ئەوەی گرنگە و دەبێت خەمی لێ بخۆی؛ شێوازی ژیانی تۆیە، واتە چۆن و لە چ ژینگەیەکدا دەژیت. ئەمە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی نوێیە کە لە گۆڤاری زانستیی "Nature Medicine" ـی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە. 
 
لە لێکۆڵینەوەکەدا، داتای زیاتر لە 490 هەزار کەس شیکارکراون، داتاکان زانیاریی تەواوی تەندروستیی لەخۆدەگرن، لە تۆماری نەخۆشییەکانیانەوە تاوەکو دەگاتە شیکاری زنجیرەی جینەکان، پشکنینی MRI (رەنین)، خوێن، میز، لیک، تەندروستیی ئەندامانی خێزان و زۆر شتی دیکەش. 
 
زانایان چییان کردووە؟
 
زانایان ئەم داتا دەوڵەمەندانەیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بزانن جینەکان و زیاتر لە 100 هۆکاری ژینگەیی، چۆن کاریگەری دەخەنە سەر 22 لەو نەخۆشیانەی هۆکاری سەرەکیی مردنی مرۆڤن. 
 
ئەنجامەکە چی بوو؟
 
زانایان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی؛ 25 هۆکاری ژینگەیی و دەرەکی پەیوەندییان بە خێرابوونی پیری و تەمەنکورتییەوە هەیە. 
 
ئەو هۆکارەی گەورەترین مەترسیی هەیە تەمەنی مرۆڤ کورت بکات، جگەرەکێشانە (بە ڤەیپ و نارگیلە و هەموو جۆرێکی دووکەڵکێشانەوە) کە پەیوەندیی بە 21 نەخۆشیی کوشندەوە هەیە. 
 
هۆکارەکانی دیکەش بریتین لە هۆکاری کۆمەڵایەتیی و ئابووری، وەک مووچە، داهات، خراپیی دەرودراوسێ، شوێنی نیشتەجێبوون، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بێکاری یان کردنی کارێک کە گوشاری دەروونیی زۆر بێت، ئەمانە پەیوەندییان بە 17 نەخۆشییەوە هەیە. 
 
ئەم هۆکارە ژینگەیی و دەرەکییانە گەورەترین کاریگەریی خراپیان لەسەر سییەکان، دڵ و جگەر هەیە. 
 
ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە باس کران، 17٪ـی مەترسیی مردن پێکدێنن، بەڵام جینەکان بەرپرسن لە تەنیا 2٪ـی مەترسیی مردن.
 
جینەکان زیاتر لە کام نەخۆشیدا رۆڵ دەگێڕن؟
 
جینەکان زیاتر رادەی مەترسیی تووشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجەی مەمک، هێلکەدان و پڕۆستات، هەروەها نەخۆشیی لەبیرچوونەوە دیاریدەکەن. 
 
ئەوەی شایەنی راچڵەکینە ئەوەیە؛ لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە کاریگەریی ژینگەی دەوروبەرمان هەر زوو لە تەمەنی منداڵیدا لەسەر ژیان و تەمەنمان دەردەکەوێت. کەم و زۆریی کێش لە تەمەنی منداڵیماندا و جگەرەکێشانی دایک پێش لەدایکبوونی کۆرپەکەی، دوای چەندین دەیە، کاریگەری دەخەنە سەر ژیان و مردنمان. 
 
چۆن زیاتر بژین؟
 
زاناکان تەنیا لە هۆکارەکانی تەمەنکورتی وردنەبوونەتەوە، بەڵکو سەیری هۆکارەکانی تەمەندرێژیشیان کردووە. 
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، هەبوونی هاوژینێکی باش، کارێکی باش و نەبوونی خەمی مووچە و قەرز و داهات، زۆرترین کاریگەریی باشیان لەسەر تەمەندرێژی هەیە. 
 
کۆرنێلا ڤان دوویین، پرۆفیسۆری پەتاناسی لە زانکۆی "Oxford Population Health" کە لێکۆلینڤانی سەرەکیی لێکۆڵینەوەکەیە، ئاماژە بەوە دەکات؛ دەکرێت مرۆڤ ئەم هۆکارانە بە بڕیاری خۆی بیانگۆڕێت، وەک کەمکردنەوەی جگەرەکێشان و زیادکردنی وەرزش، یان لایەنە بەرپرسەکان دەتوانن لە رێگەی سیاسەت و یاساکان باشتری بکەن، وەک باشکردنی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری. 
 
 
لینکی لێکۆڵینەوەکە:
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە