رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی پارێزگای واست هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنین بۆ سەر کافتریا و شوێنە گشتییەکانی ئەو پارێزگایە راگەیاند، وەک خۆی باسی دەکات ئامانجەکەی "رێگریکردنە لەرەفتارە نادروست و پاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگا."
بەپێی راگەیێندراوێک، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ی نیسانی 2025ی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای واسیت بڵاوی کردووەتەوە، هەڵمەتەکە بە رێنمایی راستەوخۆی لیوا رووکن محەممەد قاسم فەهد، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاکە بەڕێوەدەچێت و "ئامانج لێی چاودێریکردنی رەفتارە نادروستەکان و لێپرسینەوە لە سەرپێچیکارانە، بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە جلوبەرگی ناشیاو دەپۆشن".
هەروەها پۆلیسی واست جەخت لەوەدەکاتەوە، رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر بە خاوەن کافتریاکان دەگیرێتەبەر کە رێگە دەدەن بە چوونەژوورەوەی قوتابیان کە لە کاتی دەوامدا لە قوتابخانە رادەکەن و گەنجانی خوار تەمەن 18 ساڵ، کە نێرگەلە بکێشن.
فەرماندەیی پۆلیسی واست داوا لە دایک و باوکان دەکات چاودێری منداڵەکانیان بکەن و ئاراستەیان بکەن بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەها ئەخلاقییەکان و رەفتارە دروستەکاندا بگونجێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ