رووداو دیجیتاڵ
کتێبی (دوڕناس) کە 500 پەند و گوتەی نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفی جیهان لەخۆدەگرێت، بڵاودەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 4ی نیسان د. عەلی عەباس مەحموود، وەرگێڕی پەند و گوتەکان و کۆکەرەوەیان لە دووتوێی کتێبێک‌دا، بە رووداوی گوت، "کتێبەکە مانگی ئاداری ئەم ساڵ لەلایەن دەزگای تەفسیر لە ئێران چاپ کراوە؛ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بڵاودەکرێتەوە."
رۆژانی 9 بۆ 19ی نیسانی 2025، 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکرێتەوە.
بڕیارە ئەم ساڵ 350 وەشانخانە لە 22 وڵاتەوە بەشداربن.
د. عەلی عەباس گوتی، "تیراژی کتێبەکە 500 دانەیە و لە 200 لاپەڕە پێکدێت، کە 500 په‌ند، گوته‌ی بەنرخ و ئامۆژگاری نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفی جیهان لەخۆدەگرێت."
لەبارەی هەڵبژاردنی وشەی "دوڕناس" وەکو ناونیشانی کتێبەکەی، د. عەلی عەباس روونی کردەوە، "زۆربه‌مان چیرۆكی سوڵتان مه‌حموود و هه‌یاسی دوڕناسمان خوێندووەتەوە یان گوێمان لێبووە. هه‌یاسی دوڕناس سیمبوولی کەسانی ژیر و دانایه، سه‌رچاوه‌ی سرووش و ئامۆژگاری بوو بۆ سوڵتان مه‌حموود و كۆشك و ده‌وروبه‌ر‌ی، لەبەر ئەوە ناوی دوڕناسم بۆ کتێبەکە هەڵبژاردووە."
ئەو نووسەر و وەرگێڕە باس لەوەش دەکات، "ئه‌م په‌ند و گوته به‌نرخانه له رێگه‌ی به‌كارهێنان، ده‌ستاوده‌ستكردن و ئاڵوگۆڕكردنیان له‌نێوان تاكه‌كانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، بوونه‌ته به‌شێك له فه‌رهه‌نگ و كولتووری گه‌لان كه به‌كاریان دێنن و سوودیان لێ ده‌بینن، بێگومان ئەوەش له رێگه‌ی وه‌رگێڕانەوە دەکرێت."
د. عەلی عەباس مەحموود ساڵی 1975 لە هەولێر لەدایکبووە، بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی ئینگلیزی بەدەستهێناوە؛ نزیکەی 20 ساڵ لە بواری وەرگێڕاندا کاری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ