رووداو دیجیتاڵ
خەسووتەقێن، خەسوو و بووک، ملخوار، پیاوکوژ و چەندین ناوی دیکەی پێکەنیناوی لەسەر پاکەتی ئەو خەنانە نووسراون، کە لە کوردستان دەفرۆشرێن.
دەگوترێت بەکارهێنانی خەنە کەمبووەتەوە، بۆیە رووداو بەدواداچوونی کردووە بۆ ئەوەی بزانین خەنە بە سەر و دەستی کێ ماوە و، پیر و گەنج، چۆن ئەم گیا سرووشتییە مێژووییە بەکاردەهێنن.
سەلوا جەوهەر هاونیشتمانیێکە لە هەولێر، دەڵێ هەرگیز بۆیەی دەستکردی لە قژی نەداوە و لە منداڵییەوە تەنیا خەنەی بە پرچ و دەستی دەوروبەرییەوە بینیوە. ئەو پێیوایە خەنەی سرووشتی، جگە لە بەهێزکردن، قژ نەرم و بریقەداریش دەکات.
سەلوا بە رووداوی گوت "خەنەم بەکارهێناوە و سوودی زۆرم لێ بینیوە. بەهۆیەوە هیچ کێشەیەکی تەندروستیم نەبووە و قژم بە جوانیی خۆی ماوەتەوە.. من زۆر قژم خۆشدەوێت، خەنە باشترین چارەسەرە بۆ گەڕاندنەوەی گەشەی قژ و نەمانی ساچقڕان (موخۆرە)."
نینۆکەکانی لەیلا خانیش هەمیشە بە خەنە رازێندراونەتەوە. ئەو، باسی ئەو خەنە زێڕینە دەکات کە لە سەردامی خۆی بەکاریان دەهێنا.
لەیلا عەلی دەڵێ "هیچ خەنەیەک نییە قژت بە دوو کاژێر مۆر، سوور یان زەرد بکات. ئەگەر مادەی کیمیایی تێدا نەبێت، چونکە خەنە کۆنەکە، کە ئێمە بەکارمان دەهێنا، رۆژێک تەنها دەمانشێلا و لەپێش هەتاومان دادەنا، رۆژی دواتر بە ئاگر گەرممان دەکرد، کە گەرممان دەکرد رۆناوی دەداوە. ئەو رۆناوە هۆکار بوو کە لە سەرمان دەدا، قژمان جوان بوو."
بۆ سەرنجڕاکێشانی نەوەی نوێ، دەیان دووکانی خەنەفرۆشی بە نوێگەرییەوە ئەم گیا مێژووییە بۆ کڕیارانیان دەخەنەڕوو.
ئارام موحسین، فرۆشیاری خەنەیە و باسی ئەوە دەکات "خەنە، خۆی گەڵایە و رەنگی سوور، ماڕۆنی یان باینجانی (مۆری تۆخ)ـی لێی دەردەچێ، بەڵام ئەگەر رەنگەکەی قاوەیی یان رەش دەرچوو، واتا مادەی کیمیایی تێدایە، هەندێک بۆیاخی لەگەڵ تێکەڵ دەکرێت بۆیە سرووشتی نییە و پێمان باش نییە."
کە باسی قژی بە خەنە دەکرێت، نەوەی کۆن بیر دەهێنێتەوە، بەڵام لە نەوەی نوێش دا خوازیار و بەکارهێنەری هەن.
ئاشنا سلێمان، کابانی ماڵە و دەڵێ "زیاتر خەنە بەکاردەهێنم چونکە قژ ناسووتێنێت، بەڵکو بەهێزی دەکات و بە گشتی بۆ قژ زۆر باشە."
خەرامان جەمال، فەرمانبەرە و بەپێچەوانەوە رای وایە "خەنە زۆر قژ دەڕووتێنێتەوە، کێشەی زۆرە بۆیە ئێستا ناوێرم بەکاریبهێنم. زۆر کەس ئەم ئەزموونەیان هەیە و شتی وا روویداوە."
رێوان ئیسماعیل، خوێندکارەوە و باسی ئەوەی کرد خەنەی بەکارنەهێناوە، دەڵێ "بەکاریشی ناهێنم، رەنگی قژی خۆم خراپ نییە و جوانە، لە کوالێتیی خەنە دەترسم."
دەگوترێت زیاتر لە 5 هەزار ساڵە خەنە بەکاردەهێندرێت، هەرچەند بە هاتنی بۆیەی دەستکرد، بەکارهێنانی ئەم گیا دێرینە کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتاش خەنەبەندان باوترین نەریتی زەماوەندەکانی کوردە.
خواست و باویی خەنە، وایکردووە 3 مانگ لەمەوپێش یونسکۆ لەسەر داوای 16 دەوڵەتی ئاسیا و ئەفریقا، خەنە بخاتە نێو لیستی کەلەپووریی جیهانییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ