پرسی کۆچبەران پارتەکانی ئەڵمانیای دابەش کردووە

06-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
بەشێک لە پارتەکانی ئەڵمانیا پشتیوانی و بەشێکیان دژایەتی کۆچبەران دەکەن.
بەشێک لە پارتەکانی ئەڵمانیا پشتیوانی و بەشێکیان دژایەتی کۆچبەران دەکەن.
نیشانەکردن هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاووڵاتییانی ئەڵمانیا بۆ پشتگیرکردن لە کۆچبەران دژی سیاسەتی پارتەکان، گردبوونەوەیەکی هێمنانەیان لە شاری بەرلین ئەنجامدا. ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانێتیی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆشیال کریستیان هەڵوێستیان بەرامبەر بە کۆچبەران گۆڕی. 
 
ئەو هاوپەیمانێتییە کە پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت؛ بانگەشەی تووندکردنی سیاسەتەکانی بەرامبەر بە کۆچبەران دەکات.
 
فرێدریک مێرز، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتی کریستیان لەبارەی کۆچبەرانەوە دەڵێت، "زۆرینەی ئەڵمانەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەو دۆخە نابێت بەم شێوەیە بەردەوام بێت بەتایبەت لە پرسی کۆچبەراندا."
 
بڕیارە 23ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا بکرێت، پرسی کۆچبەران باڵی بەسەر بانگەشەی پارتەکاندا کێشاوە.
 
بەگوێرەی ئەجێندای پارتە سەرەکییەکانی ئەڵمانیا لە پرسی کۆچبەراندا؛ چەپەکان هەڵوێستیان بەرامبەر کۆچبەران تاڕادەیەک نەرمە؛ پارتی سۆشیال دیموکرات؛ پشتیوانی کۆمەڵگەیەکی ئەڵمانی دەکات کە پەنابەرانی تێدابێت و هانی دەستی کاری دەرەکی دەدات. هەرچی پارتی سەوزە پێیوایە، دەبێت مرۆییانە بڕوانرێتە پرسی کۆچبەران و سنوورەکانی ئەڵمانیا کراوە بن و پشتیوانی تێکەڵکردنی کۆچبەران لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەڵمانیا دەکات.
 
لە بەرامبەردا پارتە راستڕۆکان هەڵوێستێکی تووندیان بەرامبەر بە پرسی کۆچبەران هەیە. لەوانە هاوپەیمانێتیی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆشیال کریستیان، پشتیوانی سیاسەتێکی تووند بەرامبەر بە کۆچبەران دەکەن؛ لەوانە تووندکردنی سنوورەکان و هەڵسەنگاندنی پێدانی مافی پەنابەرێتی لە دەرەوەی ئەڵمانیا.
 
پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیاش (AFD)، کە پارتێکی تەواو دژە کۆچبەر و موسڵمانانە و لەگەڵ ئەوەیە سنوورەکان دابخرێن و زۆرترین پەنابەر دیپۆرت بکرێنەوە.
 
بەگوێرەی نوێترین راپرسی ناوەندی یوگۆڤی تایبەت بە راپرسی؛ پێشبینیکراوە هاوپەیمانێتیی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتیی سۆشیال کریستیان 29ـی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، ئەی ئێف دی 22٪ و پارتی سۆشیال دیموکرات 18٪ـی دەنگەکان بەدەست بهێنن.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە