رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئێران دەڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆیە نەوەک دانوستاندن.
کارۆلین لیڤێت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "سەرۆک بەڕوونی رایگەیاندووە کە رۆژی شەممە کۆبوونەوەیە و هیچ دانوستاندنێک نییە."
کارۆلین لیڤێت دەشڵێت، سەرنجەکە لەسەر ئەوەیە کە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. دەشڵێت، "قسەکانی دوێنێی سەرۆک بۆ ئەوان ئەوە بوو، کە ئەو پابەندە بە دیپلۆماسی، ئەو گوتی دەیەوێت رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکات، ئێستا ئەمە کەوتووەتە سەر ئەوان [ئێران]، ئەگەر نەیانەوێت، بۆ ئەوان زۆر خراپ دەبێت."
دوێنێ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە. لە بەشێکی قسەکانیدا، ترەمپ باسی لەوە کرد کە دەیەوێت گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بکات.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوە کرد، گفتوگۆکانی رۆژی شەممەی داهاتوو کە لە مەسقەتی عەمان بەڕێوەدەچن 'ناڕاستەوخۆن' و "ئێران ئامادەیە بە جیدی و بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەشداری بکات."
عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان لەگەڵ گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن، "دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ تاکتیک یان رەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو بژاردەیەکی ستراتیژییە کە لە ئەزموونەوە سەرچاوەی گرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ