رووداو دیجیتاڵ
کۆشکی سپی دەڵێت، لە رۆژی چوارشەممەوە پێناسە گومرگییەکانی سەر چین دەبنە 104٪.
رۆژی سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، لە رۆژی 9ـی ئەم مانگەوە ئەمریکا رێژەی 50٪ـی دیکەی پێناسی گومرگی بەسەر چیندا دەسەپێنێت.
رۆژی 01-04-2025 حکومەتی ئەمریکا پێناسی گومرگی بۆ وڵاتانی جیهان راگەیاند. چینیش یەکێک بوو لەو وڵاتانە کە ئەمریکا 34٪ پێناسی گومرگی خستە سەر.
چین رۆژێک دواتر بە 34٪ پێناسی گومرگی وەڵامی ئەمریکای دایەوە.
گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی: "چین هەڵەی کرد وەڵامی پێناسە گومرگییەکانی دایەوە. کاتێک ئەمریکا گورزی لێ دەوەشێندرێت، بە شێوازێکی تووندتر وەڵام دەداتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەمشەو پێناسە گومرگییەکانی سەر چین دەگەنە 104٪."
کارۆلیڤ لیڤیت گوتیشی: "چینییەکان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام نازانن چۆن بیکەن."
ترەمپ سەرەتا 20٪ و دواتر 34٪ـی باجی خستەسەر کاڵا هەناردەکراوەکانی چین بۆ ئەمریکا، ئەگەر ئەم 50ـیەش بسەپێنێت، پێناسی گومرگیی چین دەبێتە 104٪.
رۆژی دووشەممە، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند: "هەموو گفتوگۆیەکی تایبەت بە پێناسی گومرگی لەگەڵ چین رادەگیرێت. جگە لە چین، لەگەڵ هەموو وڵاتانی جیهان گفتوگۆ دەکەین."
پێش ئەم پۆستە، ترەمپ لە پۆستێکی دیکەدا نووسی: "هەموو وڵاتانی جیهان لەسەر پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆمان لەگەڵ دەکەن. پێناسە گومرگییەکان قورسن، بەڵام دادپەروەرانەن."
کەمترین رێژەی ئەو پێناسە گومرگییانەی کە ئەمریکا بەسەر وڵاتان سەپاندوویەتی 10٪ و زۆرترینیشیان 49٪یە.
کۆشکی سپی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 70 وڵات پەیوەندییان بە ئەمریکاوە کردووە بۆ ئەوەی لەبارەی پێناسە گومرگییەکان گفتوگۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ