مەسک گەورە راوێژکاری بازرگانیی ترەمپ بە "گەمژە" ناودەبات

08-04-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک، ملیاردێری جیهان؛ گەورە راوێژکاری بواری بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ بە "گەمژە" ناودەبات.
 
رۆژی سێشەممە 8ی نیسانی 2025 ئیلۆن مەسک، ملیاردێری جیهان و بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەتی ئەمریکا، لەبارەی رێکارە بازرگانی و پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکا، رەخنەی تووندی لە گەورە راوێژکاری بواری بازرگانیی دۆناڵد ترەمپ بەناوی پیتەر ناڤارۆ گرت و بە "گەمژە" ناوی برد.
 
دوای راگەیاندنی پێناسی گومرگیی ئەمریکا بەسەر بەرهەمی وڵاتانی دیکە، پەیوەندیی نێوان ئیلۆن مەسک و بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ ساردوسڕیی تێکەوتووە.
 
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، مەسک نووسیویەتی، "ناڤارۆ بەڕاستی گەمژەیە؛ ئەوەی دەیڵێت، بە شێوەیەکی روون دەرکەوتووە کە راست نییە."
 
5ی نیسان، ناڤارۆ رایگەیاند، "مەسک دروستکەری ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو کۆکەرەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبێلە."
 
ئەمڕۆش، مەسک وەڵامی ئەو لێدوانەی ناڤارۆی دایەوە و گوتی، "ناڤارۆ زۆر گەمژەیە، چونکە تێسلا بەرهەمێکی ئەمریکییە و لە ئەمریکاش دروست دەکرێت."
 
ساردوسڕی لە پەیوەندییەکانی ئیلۆن مەسک و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو میدیای ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، ژمارەیەک بەرپرسی ئیدارەی ترەمپ لە بەهێزبوونی پێگەی مەسک و کاریگەرییەکەی لەسەر دۆناڵد ترەمپ نیگەرانن.
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتانەش، کۆشکی سپی رایگەیاند، مەسک لە کۆتاییەکانی مانگی ئایار یان مانگی حوزەیران لە پۆستەکەی نامێنێت، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنێکی پێشوەختەی نێوان ترەمپ و مەسک کە فەرمانگەکەیان بۆ 130 رۆژی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ دەبێت و دواتر فەرمانگەکە نامێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە