رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کەرتی غەززە بووەتە گۆڕەپانی کوشتن و ئیسرائیلیش تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگری لە چوونی هاوکاری مرۆیی بۆ نێو غەززە دەکات.
رۆژی سێشەممە، 08ـی نیسانی 2025، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە گوتەیەکدا لەبارەی دۆخی غەززە رایگەیاند، زیاتر لە مانگێک تێپەڕیوە بێ ئەوەی "قەترەیەک هاوکاریی بگاتە غەززە."
گۆتێرێز دەڵێت: "خۆراک، سووتەمەنی و پێداویستی دیکە رەوانەی غەززە نەکراوە؛ لەو کاتەوەش گەیاندنی هاوکارییەکان وشککراوە، دەروازەی دۆزەخ بەسەر خەڵکیدا کراوەتەوە."
لە دووی ئادارەوە ئیسرائیل رێگەی بە چوونی هیچ هاوکارییەکی مرۆیی بۆ نێو غەززە نەداوە و راشیانگەیاندووە، تاوەکو حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات، دەروازەکان ناکاتەوە.
هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامن و بەگوێرەی تەندروستیی کەرتەکە، لە 24 کاژێری رابردوودا 58 فەلەستینی کوژراون و 213 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەو کاتەوەی سوپای ئیسرائیل لە 18ی مانگی رابردووەوە دەستی بە بۆردوومانەکانی کردوەتەوە، لانیکەم هەزار و 500 فەلەستینی کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ