پەرلەمانی رووسیا پەیماننامەی هاوبەشی لەگەڵ ئێران پەسندکرد

08-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی نوێنەرانی رووسیا رۆژی سێشەممە پەیماننامەی بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی، سەربازی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران واژۆکرد، ئەمەش هەوڵی مۆسکۆ پێشاندەدات بۆ زیاتر نزیکبوونەوە لە هاوپەیمانەکەی. 
 
پەسندکردنی پەیماننامەکە هاوکاتە لەگەڵ تێکچوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا لە لایەک و هەوڵەکانی رووسیا بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ واشنتن لە لایەکی دیکە. 
 
لەگەڵ زیادبوونی هاوئاهەنگیی سەربازیی نێوان مۆسکۆ و تاران، کیێڤ و رۆژئاوا ئێران تۆمەتبار دەکەن بە دابینکردنی چەک، لەنێویاندا درۆنی بۆمبڕێژکراوی جۆری "شاهید" بۆ رووسیا تاوەکو لە دژی ئۆکراینا بەکاریانبێنێت.
 
لە پەیماننامەکەدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی لە بەرەنگاربوونەوەی "هەڕەشە ئەمنییە هاوبەشەکان" یارمەتیی یەکدی بدەن، بەڵام ناگاتە ئاستی ئەو پەیماننامە بەرگرییە هاوبەشەی پار لە نێوان رووسیا و کۆریای باکووردا واژۆکرا. 
 
ئەندرێ رودینکۆ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە پەرلەمانی رووسیای راگەیاند: "واژۆکردنی پەیماننامەکە بە واتای دامەزراندنی هاوپەیمانییەکی سەربازی لەگەڵ ئێران یان پێکەوەکارکردنی سەربازیی دووقۆڵی نایەت."
 
لەبری ئەوە، پەیماننامەکە دەڵێت، ئەگەر لایەنێک تووشی دەستدرێژی بێت، ئەوا لایەنەکەی دیکە "یارمەتیی دەستدرێژیکارەکە" نادات.
 
رێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژیی گشتگیر لە کانوونی دووەم لەلایەن ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و مەسعود پزیشکیانی هاوتا ئێرانییەکەی واژۆکرا. بۆ ئەوەی بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، پێویستی بە مۆری پەرلەمانی رووسیا بوو. 
 
پووتین لەو کاتەدا بە "پەیماننامەیەکی وەرچەرخێن" ناوی برد، لەکاتێکدا پزیشکیان گوتی: "لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و رووسیا لە هەموو بوارەکاندا هەڵدەداتەوە".
 
مۆسکۆ هۆشداری دەدات لە زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بۆردومانکردنی ئێرانی کرد ئەگەر لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران رێکنەکەون. 
 
ترەمپ رایگەیاندووە، رۆژی شەممە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەن. 
 
لەو کاتەوەی جەنگی ئۆکراینا دەستیپێکردووە، رووسیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ چەندین وڵاتی نەیاری رۆژئاوا، لەنێویاندا کۆریای باکوور و چین- بەهێزکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا. وێنە: French Presidency

ماکرۆن: رق و کینەی ئایینی لە فەرەنسا جێی نابێتەوە

سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند، رق و کینە و رەگەزپەرستی لە فەرەنسا جێگەیان نابێتەوە. وەزیری ناوخۆی فەرەنساش دوای کوژرانی موسڵمانێک لە باشووری وڵاتەکەیان دەڵێت، ئاسایشی مزگەوتەکان پتەوتر دەکەن.