رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر حکومەتی نوێی سووریا، وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دەداتەوە و دەڵێت، واشنتن چاوی لەوەیە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق هەنگاوی زیاتر بنێن. سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش دەڵێت، ستیڤ وتیکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت.
رۆژی سێشەممە، 08ـی نیسانی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن لەبارەی کۆبوونەوەی رۆژی شەممەی داهاتووی نێوان ئەمریکا و ئێران، هەروەها هەنگاوەکانی ئەم دواییەی دەسەڵاتی نوێی سووریای دایەوە.
تامی برووس گوتی: "عومانییەکان میوانداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکە و ویتکۆفی نێردەی تایبەتی لەوێ دەبێت".
تامی برووس گوتی، ئەوەی دەکرێت "کۆبوونەوەیە"، نەوەک دانوستاندن؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پابەندین بە دیپلۆماسییەت. سەرۆک ترەمپ باسی لەوە کردووە کە دەیەوێت لەگەڵ ئێران بگاتە رێککەوتن و ئێستاش دەگەڕێتەوە بۆ ئێران کە چی دەکەن. ئەگەر رێککەوتنیان نەوێت، ئەوا زۆر زۆر خراپ دەبێت بۆیان."
هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی عومان، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "کاتێک دێتە سەر پرسی گفتوگۆی رۆژی شەممە، پێش سەرۆک ناکەوم. سەرۆک رایگەیاند، رۆژی شەممە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات. من بە هۆکاری ئەمنی زانیاری زیاتر لێرەوە ئاشکرا ناکەم. کاتێک کە بابەتەکە دێتە سەر ئێران، سەرۆک سزای قورسی بەسەر رژێمی ئێراندا سەپاندووەتەوە، هەروەها ئەوەی بۆ ئێران روون کردووەتەوە دەتوانن رێککەوتنێک ئەنجام بدەن یان باجەکەی دەدەن. سەرۆک دوێنێ رایگەیاند، ئەگەر رێگەی دیپلۆماسی و رێککەوتن هەڵنەبژێرن، ئەنجامی خراپی دەبێت."
هەرچی لەبارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتی سووریا و هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر دەسەڵاتدارانی سووریا هەیە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "چاوەڕێ دەکەین حکومەتی سووریا پابەندی یاسای مافەکانی مرۆڤ و یاسا گشتییەکان بێت، وەک حکومەتێکی شایستە. ئەو بڕیارانەی ئێمە دەیاندەین، نامۆ نیین. ئەوان بەم دواییە حکومەتیان پێکهێنا یانیش با بڵێین پێکهێنانی راوێژکاری بوو کە پێدەچێت چەندین گرووپ لە سووریا تێیدا بەشداربن، بەڵام دەبێت کاری زیاتر بکرێت کە تاوەکو ئێستا نەکراوە و چاوەڕێین کرداری زیاتر ببینین. بێگومان چاوەڕوانیی هەیە کە هێشتا ئەوان پێینەگەیشتوون و ئێمەش چاوەڕێین بزانین چی دەکەن."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی گوشاری حکومەتی ئەمریکا چی دەبێت لەئەگەری پابەندنەبوونی حکومەتی نوێی سووریا بە بەڵێنەکانیان، تامی برووس بە دیار کوردەی راگەیاند: "راستییەکەی گوشارەکان ئەوەن کە ئایا وڵاتێک دەیەوێت لەلایەن وڵاتانی دیکە و لەلایەن جیهانەوە قبووڵ بکرێت یان نا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ