هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق گەیشتە قیرغزستان

30-09-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئاسیا، گەیشتە وڵاتی قیرغزستان، کە بڕیارە دوو یاری دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە ئەنجام بدات. 
 
عێراق دوو مانگە ئامادەکارییەکی بەهێز بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی دڵخۆشکەر لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەکات، سەرەتا تیپەکە لە شاری بەغدا دەستی بە راهێنان کرد، دواتر کەمپی راهێنان لە شاری سلێمانی و بەیروت بۆ تیپەکە سازکرا، شەوی رابردووش تیپەکە گەیشتە شاری بیشککی پایتەختی ئەو وڵاتە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا عێراق یارییەکانی بەرامبەر قیرغزستان ئەنجامبدات کە یەکێکە لە تیپە بەهێز و بەشدارەکانی پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا. 
 
بڕیارە جامی نەتەوەکانی ئاسیا رۆژی 7ـی مانگی دەی ئەمساڵ لە وڵاتی ئۆزبەکستان دەستپێبکات. 
 
عودەی سەباڕ، رێکخەری کاروباری میدیایی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لەنێو بارودۆخێکی زۆر باشدایە و پێشوازییەکی گەرممان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی قیرغزستانەوە لێکراوە، ئێمە دەمانەوێت یەکێک بین لەو هەڵبژاردانەی بلیتی گەیشتن بە جامی نەتەوەکانی ئاسیا دەبڕن". 
 
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی حەوتەمی پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی ئۆزبەکستان، مالیزیا و کەمبۆدیا دەکات، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا 8 هەڵبژاردەی یەکەمی کۆمەڵەکان لەگەڵ حەوت باشترین دووەم سەردەخات بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2024. 
 
شاندی عێراق لە قیزغزستان بریتین: فیراس بەحرلعلوم سەرۆک شاند، عەلی عیسا بەڕێوەبەری تیپ، ریکاردۆ سوبراڵ کاکاو راهێنەر، حوسێن عەبدعەلی یاریدەدەری راهێنەر، مایکۆل جونتاس راهێنەری گۆڵپارێزان، ئیدواردۆ دی ئۆلیڤێرا راهێنەری توانای جەستەیی. لەگەڵ یاریزانان زاهیر مەهدی، عومەر سەبتی، محەممەد سامی، وەلید خالید، حەیدەر مەجید، عەباس فالح، حاس سەعد، تارق زیاد، فادی عەلا، موهەند عەبدولهادی، غەیس ریاز، حەیدەر کەریم، سالم فەیسەڵ، رافد حەمید، موحەبەدین جومعە، مستەفا ئیحسان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە