رووداو دیجیتاڵ
پەیکەرێک بۆ کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید دروستکراوە، ئەگەر زۆر لێی ورد نەبیتەوە، دەڵێیت ئەوە ئێمباپێی راستەقینەیە نەک پەیکەر.
لە مەدرید کیلیان ئێمباپێ، لەگەڵ پەیکەرێکی تایبەتی خۆی دەرکەوت کە لە مۆم دروستکراوە و بەمزووانە لە مادام توسۆی لە لەندەن نمایشدەکرێت، کە شوێنێکی تایبەتە بۆ نمایشکردنی پەیکەری کەسایەتییە گەورەکان.
ئێمباپێ کاتێک دەچێتە ژوورەوە و پەیکەرەکە دەبینێت شۆک دەبێت، دەڵێت ئۆۆۆهـ ئەوە منم، هەر بەراستیش پەیکەرەکە زۆر لە ئێمباپێی راستەقینە دەچێت.
پەیکەرەکە لەسەر شێوازی ئاهەنگی کیلیان ئێمباپێ دروستکردووە و یاریزانەکە درێسی فەرەنسای لەبەردایە.
مادام توسۆی تەمەنی 189 ساڵە، 22ـی 5 ساڵیادی دامەزراندنییەتی، بەو بۆنەیەوە لە 4 تاوەکو 21ـی نیسان بەخۆڕایی پێشوازی لەو گەنجانە دەکات کە تەمەنیا لە خوار 16 ساڵە و درێسی ئێمباپێ دەپۆشن.
پەیکەرەکەی کیلیان ئێمباپێ بەشێوەیەکی زۆر جیاواز و سەرنجڕاکێش دروستکراوە، لە پەیکەرەکەدا کە هەمووی لە مۆم دروستکراوە، کیلیان ئێمباپێ بەدڵخۆشی دەردەکەوێت و لەسەر شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی لە کاتی گۆڵکردندا نەخشێنراوە و درێسی ژمارە 10ـی فەرەنسای پۆشیووە.
کیلیان لەبارەی ئەو پەیکەرەوە دەڵێت "ئەوە شەرەفێکی گەورەیە، دەمەوێت سوپاسی ئەو کەسانە بکەم کە کاریان لەسەر کردووە و بەشێک بوونە لەم پڕۆژەیە، چونکە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ من، شەرەفێکی گەورەیە، کە بەشێک بم لە خێزانی مادام توسۆ و بەڕاستی دڵخۆشم، بەڕاستی شانازی دەکەم کە لێرەم بۆ بینینی ئەمە، بۆیە ڕۆژێکی گەورەیە بۆ من."
بەر لە چوونی ریال مەدرید بۆ لەندەن و یارییکردن بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ، پەیکەرەکەی ئێمباپێ دەگاتە ئەو شارە و پێشاندەدرێت.
ئەمە دووەمجارە پەیکەری ئێمباپێ لەلایەن توسۆوە نمایشدەکرێت، پێشتر لە مانگی 5ـی 2024 لە لەندەن پەیکەرێکی ئەو یاریزانەیان نمایشکردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ