رووداو هەولێر
راهێنانەکانی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق بۆ بەشداریکردن لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە شاری بەغدا دەستیانپێکرد.
تیپەکە لەنێو کەمپێکی راهێنانی نێوخۆیدا لە شاری بەغدا 10 رۆژ بەسەرپەرشتی ریکاردۆ سۆبراڵ، راهێنەری بەرازیلی بەردەوام دەمێنێتەوە، رۆژانە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق دوو یەکەی راهێنان ئەنجامدەدەن.
عەلی عیسا، سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "کەش و هەوای راهێنانەکانمان زۆر ئەرێنییە و راهێنەر پلانێکی گەورەی بۆ کەمپەکەمان ئامادەکردووە، جیا لە راهێنان بە تۆپ و نێو گۆڕەپان چەندین کۆبوونەوە و وانەی تیۆری لەسەر شێوازی یاریکردنمان دەداتە یاریزانان".
هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق لە دوای تەواوبوونی کەمپەکەی لە شاری بەغدا روو دەکاتە وڵاتی مەغریب بۆ ئەنجامدانی کەمپێکی دیکەی راهێنان و ئەنجامدانی دوو یاریی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە، دواتر هەڵبژاردەی عێراق گەشتی کڕواتیا دەکات بۆ ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە.
یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ یاریی فوتساڵ، لە کۆتایی مانگی چوار لە وڵاتی تایلەند دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاری لەگەڵ هەریەک لە هەڵبژاردەکانی ئۆزبەکستان، ئوستراڵیا لەگەڵ سعودیە دەکات.
هەڵبژاردەی عێراق جاری سیانزدەمە بەشداری لە پاڵەوانێتیی ئاسیادا دەکات، ئەمجارە فیدراسیۆنی عێراق داوای ئەنجامێکی گەورەی لە تیپەکە کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ