یانەی هەولێر لە دۆخێکی خراپدایە و دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە

27-03-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لە دۆخێکی دارایی زۆر خراپدایە و دوو مانگە یاریزانانی یانەکە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە، بەڵام ئەمڕۆ مەشق دەکات و بۆ یارییەکەی بەرامبەر کارەبا دەچێتە بەغدا.
 
لە کاتێکدا رۆژی یەکشەممە لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کارەبا یاری دەکات، بەڵام تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر بە دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و خراپدا تێدەپەڕێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەشێکی ئەو یاریزانانەی یانەکە کە لە شوقەدا دەمێننەوە، کارەبا و ئاویان لەسەر بڕدڕاوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە پارەی شوێنی نیشتەجێبوونیان نەدراوە.
 
یەکێک لەو یاریزانانە یوسف بن سۆدە، ئەستێرە و گۆڵکاری یانەکەیە و لە چەند رۆژی رابردوودا کارەبا و ئاوی لەسەر بڕدراوە و چووەتە کافێتریایەک بۆ ئەوەی لە رووناکیدا بمێنێتەوە.
 
هەڵۆ فایەق، یاریزانێکی دیکەی یانەکەیە و خاوەنی شوقەکەی پێیگوتووە شوێنەکە بەجێبهێڵێت و کەسێک چووەتە بووەتە کەفیلی بۆ ئەوەی لە شوێنەکەیدا بمێنێتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە یاریزانانی یانەی هەولێر، دلۆڤان مەهدییە، گۆڵپارێزی یانەکەیە و لەسەر خەرجی خۆی پارەی شوێنی مانەوەی داوە.
 
سێ رۆژی دیکە دەبێتە دوو مانگ، یاریزانانی یانەی هەولێر مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەگەر ئەمڕۆ مووچەکانیان نەدرێت، ئەگەری هەیە شاندی یانەکە بۆ یارییەکەیان بەرامبەر کارەبا نەچێتە بەغدا.
 
رووداو زانیوویەتی، لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، یاریزانانی یانەی هەولێر لەسەر داوای سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەکە مەشقیان کردووە، راهێنەری یانەکەش بەتەواوی لە دۆخی خراپی یانەکە ناڕازییە و پێی وایە ئەوە ئەرکی ئەو نییە بەدوای چارەسەری کێشە کارگێڕییەکانی یانەکەدا بگەڕێت، بەڵکو پێویستە کار لەسەر پلان و تاکتیکی یارییکردن بکات.
 
ئەم کێشانەی یانەی هەولێر لەکاتێکدان، گۆڕینی کارگێڕیی یانەکە و هاتنی کارگێڕییەکی کاتی بۆ یانەکە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تیپەکە دروستکرد و دوو ئەندامی ئەو کارگێڕییەش دوای چەند رۆژێک لە دەستبەکاربوونیان دەستلەکارکێشانەوەیان راگەیاند.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی هەولێر بە رووداوی گوت "بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان بە یانەکە دراوە و یاریزانان و تیپەکەش چاوەڕێی چارەسەرکردنی بەڵێنەکان دەکەن."
 
هەولێر لە 23 یاریی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 9 یاریی بردووەتەوە و بە کۆکردنەوەی 32 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە