رووداو دیجیتاڵ
ناسڕ خلێفی، سەرۆکی ئێستای یانەی پاریس سانجێرمان، دەیەوێت یانەی مەلەگەی ئیسپانی بکڕێتەوە.
رێکخراوی وەبەرەهێنانی وەرزشیی قەتەری بە سەرکردایەتیی ناسڕ خلێفی لە هەوڵدان بۆ ئەوەی یانەی مەلەگەی ئیسپانی بکڕنەوە و وەبەرهێنان لەو یانەیە بکەن و یارمەتیدەر بن لەوەی یانە ئیسپانییەکە، دوای چەندین ساڵ دوورکەوتنەوە، بگەڕێتەوە لالیگا.
یانەی مەلەگە ساڵی 2013، گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە دوای ئەو دەستکەوتە، ئاستی یانەکە روو لە دابەزین بوو، ساڵی 2018 یانەکە دابەزی بۆ خولی پلە دووی ئیسپانیا و لە ساڵی 2023دا مەلەگە دابەزی بۆ خولی پلە سێی ئیسپانیا، بەڵام وەرزی رابردوو دووبارە گەڕایەوە خولی پلە دووی ئیسپانیا.
ئەو یانەیە سەرەڕای دابەزینی بۆ خولی پلە سێی ئیسپانیا، یەکێکە لەو یانانەی کە ژمارەی هاندەرانی زۆرن، یاریگەکەشی کە بە لا رۆسالیدا ناسراوە، دەتوانێت 30 هەزار هاندەر لەخۆبگرێت و یەکێکە لەو یاریگەیانەی کە لە پلاندایە جامی جیهانیی 2030 تێدا بەڕێوەبچێت، ئەوەش زیاتر سەرنجی قەتەرییەکانی بۆ ئەو یانەیە راکێشاوە.
49٪ی یانەی مەلەگە ئێستا لەلایەن کۆمپانیایەکی ئیسپانییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، 51٪ی یانەکە،موڵکی بزنزمانی قەتەری، عەبدوڵا ئال سانییە.
گوتەبێژی رێکخراوی وەبەرهێنانی قەتەری رایگەیاند، ئەوان بەدوای بژاردەی نوێ دەگەڕێن لە ئەورووپا و ئەمریکا، دەکرێت مەلەگەش یەکێک بێت لەو بژاردانە.
بەپێی سەرچاوەیەک، قەتەرییەکان ئامادەن 100 ملیۆن یۆرۆ بدەن بۆ ئەوەی یانەی مەلەگە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ