رووداو هەولێر
هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیا گەیشتە شاری بانکۆکی پایتەختی تایلەند.
بڕیارە یارییەکانی پاڵەوانێتیی فوتساڵی وڵاتانی ئاسیا، کە لە هەمانکاتدا پاڵاوتنە بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیالی فوتساڵ، رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە بانکۆک دەستپێبکەن و دوو هەفتە دەخایەنێت.
عێراق لەژێر سەرپەرشتی ریکاردۆ کامێرا سوبرال، راهێنەری بەرازیلی هیوایەکی گەورەی بۆ رکابەریکردن و وەرگرتنی پلەکانی پێشەوەی ئاسیا و گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیال هەیە، بەر لە گەشتکردن بۆ تایلەند تیپەکە کەمپێکی راهێنانی لە مەغریب لەگەڵ ژمارەیەک یاریی دۆستانەی ئەنجامدا، دواتر تیپەکە لەنێو راهێنانێکی چڕدا بوون لە شاری بەغدا.
یەحیا زغەیر، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لەبارەی بەشداری هەڵبژاردەکەیان لە پاڵەوانێتیی فوتساڵی ئاسیادا، لە لێدوانێکی بۆ تۆڕی میدیای رووداو، رایگەیاند "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئامادەکارییەکی زۆر باشی تیپەکەمان خستووەتەگەڕ لە رووی کەمپی راهێنان و داواکارییەکانی راهێنەر، پێموایە راهێنەر لە دوای ئەو یارییە ئامادەکارییانە گەیشتووەتە دۆزینەوەی پێکهاتەیەکی بەهێز و دەزانێت بە چ شێوازێک یاری بەرامبەر رکابەرەکانمان لە کیشوەری ئاسیا دەکات".
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی دووەم یاری لەگەڵ هەڵبژاردەکانی سعودیە، ئۆزبەکستان و ئوستراڵیا دەکات.
لای خۆیەوە عەلی عیسا، بەڕێوەبەری کارگێڕیی شاندی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق، بۆ رووداوی روونکردەوە "بە هەواهەنگی لەگەڵ لیژنەی باڵای رێکخەری پاڵەوانێتیی ئاسیا شوێنی حەوانەوەمان و کاتەکانی راهێنانمان دیاریکردووە، دەمانەوێت تیپەکەمان لە باشترین ژیان و کەش و هەوایەکی ئارامدا بێت، لەپێناو ململانێکردن لەسەر نازناوەکە".
پێکهاتەی یاریزانانی هەڵبژاردەی فوتساڵی عێراق، بریتین لە: وەلید خالید، حارس سەعد، تاریق زیاد، حەیدەر مەجید، موهەند عەبدولهادی، مستەفا ئیحسان، غەیس ریاز، سالم فەیسەڵ، عەباس فالح، موحبەدین جومعە، سالم کازم، عەلی شەهاب، فەهد میساق، محەممەد سامی، زاهر مەهدی، حوسێن ئەحمەد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ